|
مه‌حوی ئا: زانیار ته‌حسین
مـه‌حـوی ناوی "مه‌لا محه‌مه‌دی كــوڕی مـه‌لا عوسمانی" باڵــحـه‌یه لـه‌نـه‌وه‌ی پـیرو زانـای نـاودار "شێخ ڕه‌ش "ه. "باڵح"یش دێیه‌که له ناوچه‌ی "ماوه‌ت" له ده‌ڤه‌ری سلێمانی. باپیریشی وه‌ك باوكی ناوی عوسمان بووه، وه‌ك شێخ مارفی نۆدێ له‌گه‌ڵ دروستكردنی سلێمانیدا هاتۆته سلێمانی، مێژوونوسی كورد "محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌گی به‌گ " ده‌ڵێت له‌ساڵی "1252" ی كۆچی به‌رامبه‌ر به "1836ـ1837"ی زایینی له دایك بووه، مامۆستا عه‌لائه‌دینی سه‌جادیش ده‌ڵێت له ساڵی "1246"ی كۆچی به‌رامبه‌ر به "1830"ی زایینی له دایك بووه، كاكه‌ی فه‌لاحیش ده‌ڵێت "1247" ی كۆچی به‌رامبه‌ر به "1831ـ1832"ی زایینی له‌دایك بووه، باوكی خه‌لیفه‌ی شێخ عوسمان سیراجه‌دینی ته‌وێڵه بووه، حه‌وت ساڵان بووه خراوه‌ته به‌رخوێندن، ماوه‌یه‌ك لای باوكی خوێندوویه‌تی، بۆ خوێندن چووه بۆ سنه و له سابڵاغیش له‌لای مه‌لا عه‌بدوڵای پیره‌باب خوێندویه‌تی، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی له لای مه‌لا ناوداره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه خوێندویه‌تی، پاشان چووه بۆ به‌غداد له‌وێ بووه به فه‌قێ و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی له لای زانای ناوداری كورد موفتی زه‌هاوی وه‌رگرتووه، مامۆستا عه‌لائه‌دینی سه‌جادی ده‌ڵێت پاش ئیجازه وه‌رگرتنی له ساڵی "1859"ی زایینی‌دا بووه به مه‌لای مزگه‌وتی ئیمامی ئه‌عزه‌م له به‌غدا، له‌ساڵی "1862"ی زایینی‌دا به‌غدای جێهێشتووه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و بووه به ئه‌ندامێكی دادگای سلێمانی، له ساڵی "1868"ی زایینی‌دا به‌هۆی مردنی باوكیه‌وه ده‌ستی له كاری میری كێشاوه‌ته‌وه و بووه‌ته‌وه به مه‌لا ده‌ستی كردووه‌ته‌وه به ده‌رس وتنه‌وه به فه‌قێیان، مه‌لا حه‌سه‌نی كوڕی مه‌لا عه‌لیمی قزلجێ و مه‌لا مه‌حمودی مه‌زناوه‌یی و مه‌لا سه‌عیدی ئه‌فه‌ندی نایب ئۆغلی كه‌ركوك ومه‌لا عه‌زیزی موفتی سلێمانی له به‌ناو بانگترین فه‌قێكانی بوون، هه‌ر به‌ڕێچكه‌ی باوكی رێگه‌ی ته‌ریقه‌تی گرتووه‌ته‌به‌ر و بوه به خه‌لیفه‌ی شێخ به‌هائه‌دینی كوڕی شێخ عوسمانی ته‌وێڵه.
وه‌ک مامۆستا شێخ موحه‌مه‌دی خاڵیش له "مفتی زه‌هاوی"ه‌که‌یدا نووسیویه‌تی، مه‌حوی له ساڵی ١٢٩١ی کۆچی به‌رامبه‌ر به ١٨٧٤ ـ ١٨٧٥ی زایینی دا له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌لایه‌ک له سلێمانیه‌وه نه‌فی کراوه بۆ به‌غداد. ناوبرا و هیچی تری له‌باره‌ی ئه‌م نه‌فی کردنه و هۆیه‌که‌ی و چۆنیه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌حویه‌وه له‌وه و دوای بۆ سلێمانی، نه‌نووسیوه.
مه‌حوی له ساڵی "1883"ی زایینی‌دا به پێی قسه‌ی مامۆستا سه‌جادی چووه بۆ حه‌ج و له‌وێوه چووه بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و له‌ڕێگه‌ی پیاو ماقوڵانی كورده‌وه له ئه‌سته‌مبوڵ چاوی به سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی عوسمانی كه‌وتووه، سوڵتان رێزیگی زۆری لێگرتووه و فه‌رمانی داوه خانه‌قایه‌كان له سلێمانی بۆ كردووه به "خانه‌قای مه‌حوی"، موچه‌یه‌كیشی به ناوی خزمتكردنی هه‌ژارانه‌وه بۆ بڕیوه‌ته‌وه، گه‌راوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی تامردنی له سه‌ره‌تای شه‌شه‌ڵانی "1326"ی كۆچی به‌رامبه‌ر به " تشرینی یه‌كه‌می 1906 "ی زایینی خه‌ریکی ده‌رس وتنه‌وه بوو به فه‌قێکان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایین وخزمه‌تکرنی موسڵمانان و بڵاوکرنه‌وه‌ی گیانی سۆفیه‌تی بووه. له یه‌کێك له ژووره‌کانی خانه‌قاکه‌ی خۆیدا به خاک سپێراوه.
Wednesday, February 24, 2010
|