ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب، نوسه‌ر‌و رۆشنبیر بۆ هاوڵاتی
دیمانه‌ی: هیوا غه‌فور
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب نوسه‌ر‌و رۆشنبیر‌و سه‌رۆكی ناوه‌ندی هه‌ژان بۆ فیكر‌و مه‌عنه‌ویه‌ت ره‌خنه له حیزبه ئیسلامییه‌كان ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت "كێشه‌ی سه‌ره‌كی حیزبه ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه توانای خۆ نوێكردنه‌وه‌یان نییه" ئاماژه به‌وه‌شده‌كات له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا رۆڵپێدانی زیاتر به واعیزه‌كان له‌سه‌ر حیسابی مرۆڤه رۆشنبیره‌كانیانه.
هاوڵاتی: بارودۆخی هێزه ئیسلامییه‌كان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت، له كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ده‌نگه‌كانیان له ئاستێكدا ده‌خولێته‌وه‌و زیادناكات؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: به‌بۆچوونی من بڕێك له كێشه‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستان، كێشه‌ی ئیسلامییه‌كانی دنیایه، بڕێكیشی په‌یوه‌ندی به‌خۆیانه‌وه هه‌یه، بڕێكیشی په‌یوه‌ندی به‌و هه‌لومه‌رج‌و دۆخه‌وه هه‌یه كه كوردستانی تێكه‌وتووه. كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئیسلامییه‌كانیش ئه‌وه‌یه توانای خۆ نوێكردنه‌وه‌یان نییه‌و له‌گه‌ڵ دۆخه نوێیه‌كان ناتوانن بێنه‌وه، هه‌روه‌ها كێشه‌ی روون نه‌بوونی شوناسی فیكریشیان هه‌یه كه چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه نوێیه‌دا ماماڵه ده‌كه‌ن. ئێمه ئه‌گه‌ر دووجۆر ئیسلام ببینین له‌ناو مێژووی ئیسلامییدا كه ئه‌ویش ئیسلامی حه‌قیقی‌و ئیسلامی شوناسه. ئیسلامی حه‌قیقی ئه‌وه‌یه كه تۆ حه‌قیقه‌تی ئیسلامت به‌لاوه گرنگه، به‌شوێن ئه‌وه‌وه ئه‌گه‌ڕێی، به‌لاته‌وه گرنگ نییه شوناس چییه، دواجار ئه‌و گه‌ڕانه‌ی تۆ به‌شوێن حه‌قیقه‌تی ئیسلامدا ده‌بێته شوناس بۆت، ئیسلامی شوناسی هه‌بوو، ئه‌و شوناسه ئیسلامییه‌ی كه هه‌یه، ده‌كاته ئامانجی خۆی له مامه‌ڵه‌دا. لێره ئه‌وه‌ی له كوردستان ئیسلامییه‌كانی تێیكه‌وتوون‌و ئه‌وان به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕێن ئیسلامی حه‌قیقه‌ت نییه، ئیسلامێك نییه فیكری بێت، ئیسلامێك نییه، مه‌عریفی بێت، ئیسلامی شوناسه. ئێمه پێویستمان به بزاوتێكه، به جوڵانێكه له ئیسلامی شوناسه‌وه به‌ره‌و ئیسلامی حه‌قیقه‌ت، واته كێشه‌ی ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه كه شوناسیان لای به‌رامبه‌ر‌و لای جه‌ماوه‌ر روون نییه، كه شوناسیشمان روون نه‌بوو ئه‌وی تر ناتوانێت حكوممان به‌سه‌ردا بكات، ناتوانێت هه‌ڵمان بژێرێت، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی ئاكاره‌وه خه‌لفییه‌تێكی زۆر جوانیان هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوناسی فیكری سیاسیی هێشتا لای جه‌ماوه‌ر روون نییه، له‌به‌رئه‌وه له راستیدا نه‌یتوانیوه به‌و ئاسته خۆیپیشانبدات كه گه‌وره ده‌رده‌كه‌وێت.
هاوڵاتی: دوای چه‌ندین ساڵ كاركردن وه‌ك حیزبی سیاسی، ره‌خنه‌ت له گوتاری حیزبه ئیسلامییه‌كان چییه؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: ره‌خنه‌م زۆره، گه‌وره‌ترین ره‌خنه‌م له‌سه‌ر حیزبه ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌بوو وتم شوناسیان روون نییه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، نه‌یانتوانیوه شوناسیان له كۆمه‌ڵێكه‌وه یاخود گروپێكه‌وه، وه‌رچه‌رخێنن بۆ حیزبێك كه بتوانێت كێشه‌كانی كۆمه‌ڵ بگرێته خۆی. هه‌روه‌ها تا ئێستاش هێزه ئیسلامییه‌كان داوا له ئه‌ندامانیان ده‌كه‌ن كه خۆبه‌خشانه كاربكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مافێكیان هه‌بێت. ئه‌مه وایكردووه ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لای هێزه ئیسلامییه‌كان بوونی هه‌یه، كه‌سێكه خاوه‌ن ئه‌ركه، خاوه‌ن ماف نییه. له‌كاتێكدا وه‌رچارخانه گه‌وره‌كان وایكردووه مرۆڤه‌كان داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه وایكردووه ئیسلامییه‌كان ناتوانن له گه‌ڵ مرۆڤی خاوه‌ن ماف‌دا مامه‌ڵه بكه‌ن، هه‌میشه گوتاره‌كانیان ده‌بێته گوتارێكی وه‌عزی، دواجار وتاره سیاسییه‌كه‌شیان ده‌بێته گوتارێكی وه‌عزی، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه له وه‌عزدا دوا له مرۆڤه‌كان ده‌كرێت دان به‌خۆیاندا بگرن‌و ئارام بگرن‌و ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن‌و مافه‌كانیشیان له قیامه‌تدا وه‌رده‌گرن، ناتوانرێت له دنیادا مافه‌كانیان بۆ دابینبكه‌ن، ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا خوا له‌و دنیا مافه‌كانیان بۆ دابینده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر شوناسی ئیسلامی راستبكرێته‌وه، له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی تردا ره‌نگده‌داته‌وه. ئێستا له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا ئه‌رك سه‌نته‌ره، ئه‌ركیش وتارێكی وه‌عزی درووستده‌كات، وتاری وه‌عزیش كۆمه‌ڵێك له‌ده‌وری خۆیان كۆده‌كاته‌وه ببێ ئه‌وه‌ی بزان مافه‌كانیان چییه. ئه‌مه وا ده‌كات رۆڵی عه‌قڵ، سه‌نته‌ربوونی عه‌قڵ مه‌حف بێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ناو رۆشنبیری ئیسلامی‌و ئیسلامییه‌كانه ده‌یبینیینه‌وه، له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا رۆڵپێدانی زیاتر به واعیزه‌كان له‌سه‌ر حیسابی مرۆڤه رۆشنبیره‌كانیانه. ئه‌مه ئیسلامییه‌كان به‌ره‌و ئاكارێكی خراپ ده‌بات، راسته له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا، هه‌ندێك خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وار و هه‌ندێك خه‌ڵك موعجیبن به بابه‌ته ده‌ره‌كییه‌كان‌و كۆده‌بنه‌وه له ده‌وری ئه‌وانه‌ی مامۆستای ئاینیین، یاخود واعیزن، به‌ڵام دواجار زیانی ئه‌مه له‌سه‌ر گوتاری ئاینی كه ده‌بێت گوتارێكی عه‌قڵانی بێت، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه له چه‌ند ساڵی داهاتوودا زیانی ده‌بێت. واته به‌بۆچوونی من سه‌ره‌كی ترین كێشه‌ی ئیسلامییه‌كان دوو شته. له‌ڕووی سیاسی‌و یاساییه‌وه، ئه‌وان زۆرتر كار له‌سه‌ر ئه‌رك ده‌كه‌ن نه‌ك ماف، له‌ڕووی رۆشنبیرییشه‌وه زۆرتر گوتاره‌كانیان گوتاری عه‌قڵییه نه‌ك ماف.
هاوڵاتی: ده‌وترێت له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا ململانێ له‌نێوان دوو جۆر گوتاردا هه‌یه، گوتاری كه‌سایه‌تییه دینییه‌كان‌و گوتاری سیاسی‌و رۆشنبیره‌كان له‌سه‌ر شێوازی كاركردن، پێتوایه ئه‌م ململانێیه سروشتییه؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: هه‌موو گروپ‌و كۆمه‌ڵێك یاخود كۆمه‌ڵگایه‌ك، كه درووستده‌بێت دوو قۆناغی هه‌یه، قۆناغی درووستبوون‌و قۆناغی جێگیربوونی‌و قۆناغی سه‌ره‌تا، كه پێیده‌وترێت قۆناغی درووستبوون، (كه ئه‌مه تیۆریی ماكس فیبه‌ره ته‌وزیفی ده‌كه‌م) ، له‌م قۆناغه‌دا هه‌میشه كه‌سێكی گه‌وره هه‌یه، سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌یه، كاریزمایه‌ك هه‌یه، هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر گروپه‌كه یاخود كۆمه‌ڵگاكه‌دا هه‌یه، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌رێك هه‌یه كه گوێڕایه‌ڵییه‌كی له راده‌به‌ریان بۆ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه هه‌یه، ئینجا ئاستی ژیانی گرووپه‌كه له‌رووی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هه‌تا له‌ڕووی په‌رستشه‌وه له‌یه‌كه‌وه نزیكن، ئیسلامییه‌كان ئیعتراف به‌مه ده‌كه‌ن. له نه‌وه‌ده‌كان یاخود هه‌شتاكان ئیسلامییه‌كان به‌مشێوه‌یه ژیاون كه سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما‌و جه‌ماوه‌رێكی له راده‌به‌ده‌ر گوێڕایه‌ڵیان هه‌بووه‌و هه‌موشیان وه‌ك یه‌ك ژیاون، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه قۆناغێكی ئاسایی نییه له ناو كۆمه‌ڵگاو له‌ناو گرووپه‌كانیشدا، قۆناغی تێپه‌ڕه، ده‌بێت زوو تێبپه‌ڕێنرێت، له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه. دووه‌م قۆناغی جێگیربوون، ئه‌مه قۆناغه گرنگه‌كه‌یه، به‌بۆچوونی من هه‌میشه گرووپه ئیسلامییه‌كان له قۆناغی درووستبووندا سه‌ركه‌وتوو بوون، وه‌گ گرووپی ئیخوان له میسر، نور له توركیا، گرووپی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی له پاكستان، به‌ڵام له قۆناغی جێگیربوونیاندا له‌ناو كۆمه‌ڵگادا ناتوانن وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م بن، چونكه جیاوازی له نێوان سه‌ركرده‌و جه‌ماوه‌ردا روده‌دات، هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت جیاوازی له په‌رستشیشدا روو ده‌دات، چونكه ئه‌م قۆناغه قۆناغی شوكروسوپاسه. واته ئه‌گه‌ر قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغی ئه‌رك بووبێت ئه‌م قۆناغه قۆناغی مافه.كه‌واته له‌م قۆناغه‌دا كه ماف دێته كایه‌وه گرووپه دینییه‌كان تووشی شپرزه‌یی ده‌بن. هه‌ندێك له سه‌ركرده دینییه‌كان تێده‌گه‌ن كه ئه‌م قۆناغه قۆناغێكی نوێیه ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بێنه‌وه، ده‌بێت حیساب بۆ مرۆڤه‌كانی تر بكرێت، حیساب بۆ ئه‌ندامه‌كانی بكرێت، هیچ كه‌سێك خۆی به ڕه‌ها نه‌بینێت. ئه‌و بارانه‌ی له‌سه‌رده‌می پێشووتردا دا ئه‌باری له‌م قۆناغه‌دا له‌ژێره‌وه دره‌خته جۆراو جۆره‌كان درووستده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌ی عاقڵن له دینییه‌كان تێده‌گه‌ن ئه‌م قۆناغه قۆناغی پێشوو نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه دێنه‌وه. به‌بۆچوونی من، ئێستا ئیسلامییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تیش یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌موو گرووپه ئیسلامییه‌كانی تر سرووشتی هاتووه، له قۆناغی درووستبوونایه بۆ قۆناغی جێگیربوون، ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو دركی ئه‌م قۆناغه نوێیه بكه‌ن‌و بزانن چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ڵبكه‌ن، ئه‌توانن رۆڵی زۆرباش له‌ناو كۆمه‌ڵگه بگێڕن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر میتۆدی مامه‌ڵه‌كردنیان نه‌گۆڕن‌و به‌هه‌مان میتۆدی قۆناغی درووستبوون مامه‌ڵه‌بكه‌ن، به‌بۆچوونی من ده‌رئه‌نجامی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گروپانه‌یه كه له‌سه‌د ساڵی رابردوو له‌ناو ئیسلامییه‌كان درووستبوون، پاشان گروپی جیاجیایان لێدرووستبوو و بووه هۆی لاوازبوونیان. كه‌واته باشترین شت ناسینی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه، كه كۆمه‌ڵگه گۆڕاوه ، ئه‌بێت گوتاری سیاسی ئیسلامییه‌كانیش به‌پێی ئه‌م قۆناغه بگۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزی یه‌كێتی بوونی خۆیان بپارێزن.
هاوڵاتی: ماوه‌یه‌ك باس له ریفۆرم له‌ناو هێزه ئیسلامییه‌كاندا ده‌كرێت، ده‌وترێت ئیسلامییه‌كان خه‌ریكه ده‌بنه ته‌قلیدترین هێز، پێتوایه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت به‌ره‌ی ریفۆرم ده‌توانێت ئیسلامییه‌كان نوێبكاته‌وه؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: یه‌كێك له‌كێشه‌كانی بابه‌تی ریفۆرم له‌وڵاتی ئێمه‌دا، ناڕوونبوونی چه‌مكی ریفۆرمه. چه‌مكی ریفۆرم چییه؟ ئایا مه‌به‌ست ته‌نها له ریفۆڕمی سیاسییه؟ به‌بۆچوونی من ئیسلامییه‌كان ناتوانن ئه‌و ریفۆرمه سیاسییه بكه‌ن ئه‌گه‌ر ریشه‌ی له ریفۆرمێكی ئیسلامی‌دا نه‌بێت. كێشه‌ی ئیسلامییه‌كان له‌وه‌دایه ریفۆرم كورتده‌كه‌نه‌وه له ریفۆڕمی سیاسی‌دا، وه‌ك هه‌موو حیزبه نه‌ریتییه‌كانی تر كه له‌م وڵاته‌دا هه‌یه. هه‌تا ئه‌وانه‌ش كه خۆیان به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن‌و هێزی رادیكاڵن. به‌بۆچوونی من ده‌بێت به‌بیرۆبۆچوونی دینی خۆیاندا بچنه‌وه، جۆرێك له دینداری‌و گوتاری ئاینی هه‌ڵبژێرن كه له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا بشێت‌و گوتاره ئاینییه‌كه‌ش ره‌نگدانه‌ی له‌سه‌ر گوتاره سیاسییه‌كه‌یان هه‌یه.
هاوڵاتی: وه‌ك رۆشنبیرێك‌و چاودێرێكی هێزه ئیسلامییه‌كان، پێتوایه ئه‌وه‌ی پێده‌وترێت، به‌ره‌ی موحافیزكار له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا زاڵتره، یان ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت به‌ره‌ی ریفۆرمخواز؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: هیچ كامیان، چونكه هه‌ریه‌ك له‌م دوو هێزه توانای مانه‌وه به‌خۆیان ده‌ده‌ن، ئینجا هێزی دیكه‌ش هه‌یه، بۆ نه‌موونه هێزی سه‌له‌فییه‌كان هه‌یه، هێزی سۆفییه‌كان هه‌یه. ته‌نها ئه‌م دوو گرووپه نین كه بوونیان هه‌یه. هه‌موویان له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌توانن بمێننه‌وه. هه‌ریه‌ك له‌مانه ریوایه‌ت‌و شه‌رعییه‌تی خۆیان هه‌یه، مه‌سه‌له‌كه له‌مانه‌وه‌و نه‌مانه‌وه‌دا نییه، مه‌سه‌له‌كه له گفتوگۆدایه. گفتوگۆیه‌ك هابرماس وته‌نی له مزگه‌وته‌وه ده‌ستپێبكات‌و هه‌تا حیزبی سیاسیی‌و په‌رله‌مانیش. به‌بۆچوونی من هیچكامیان وانییه كه نه‌مێنن یان ده‌سه‌ڵاتیان لاوازبێت. ئه‌وانه‌ی گره‌و له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌ن هه‌ر له ئێستاوه دۆڕاون. چونكه قۆناغی سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنیزم هه‌روایه. ته‌نانه‌ت شته نه‌ریتییه‌كانیش توانای خۆیان هه‌یه‌و سود له ته‌كنه‌لۆژیای نوێ وه‌رده‌گرن. ئێستا نه‌ریتترین مرۆڤه‌كانی سه‌رزه‌وی ده‌توانێت له رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه گوتاری خۆی به مرۆڤه‌كانی تر بگه‌یه‌نێت. كه‌وته گره‌وی نه‌هێشتنی هیچ گروپێك له‌م سه‌رده‌م‌و قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئیشیان دروستكرنی گفتوگۆبێت، ده‌بێت گوتاری سیاسیی حیزبه دینییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیه دابمه‌زرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هابرماس ده‌ڵێت "عه‌داله‌ت واته گفتوگۆ".
هاوڵاتی: مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه، به دیاریكراوی له‌ناو حیزبه ئیسلامییه‌كاندا، به‌ره‌ی ریفۆڕمخواز زاڵتره یاخود موحافیزكار؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌ستنیشانی ده‌كات، كامیان، یاخود كێ رۆڵی زیاتری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت. من ره‌نگه یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌بم كه پێش هه‌موو كه‌سێك باسی ئه‌وه‌مكرد، كه عه‌داله‌تی ئیسلامی سیسته‌مێكی سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌كرێت ته‌نانه‌ت له دینیش بپچڕێت. بێته سیستمێك كه بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه سودی ببێت، غه‌یره دینییه‌كانیش سودی لێببینن. ئێمه حه‌دیسی زۆرمان هه‌یه له‌م باره‌یه‌وه. بۆ نموونه له‌سه‌ر ده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) تیره‌ی به‌نی نه‌جار هه‌بووه، كه خۆیان تیره‌یه‌كی مه‌سیحی بوون، هاتوون به پێغه‌مبه‌ر (د.خ) گوتووه تۆ له‌یارانی خۆتمان بۆ بنێره با حوكمی ئێمه بكات، ئێوه عادلن. كه‌واته عه‌داله‌ت چه‌مكێ نییه كه هه‌ر ئه‌بێت له‌گه‌ڵ دیندا بێت، ئه‌كرێت له‌دینیش جیابێته‌وه. یه‌كێ له گه‌وره‌ترین خه‌سڵه‌ته‌كانی مانه‌وه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، ئه‌م بابه‌ته‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وانه‌ی كه بابه‌تی عه‌داله‌ت ده‌كه‌نه سه‌نته‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، ئیمكانی مانه‌وه‌یان هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا چونكه ئه‌وه بابه‌تێكه كۆمه‌ڵگه ده‌یخوازێت به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌وانه‌ی ئێوه كه ده‌ڵێن موحافیزكار ته‌ركیزیان له‌سه‌ر تاكی باشه، ئه‌وانه‌ش كه پێیده‌ڵێن ریفۆرمخواز سیستمی باشیان پێقبوڵه. كه‌واته ئه‌كرێت تاكی باش له‌ناو سیستمی باش‌دا جێگه‌ی بێته‌وه.
هاوڵاتی: عه‌بدولره‌حمان سدیق، یه‌كێك له‌و به‌رپرسه دیارانه‌ی وازی له‌یه‌كگرتوو هێنا، سه‌باره‌ت به ریفۆرم‌و نوێبوونه‌وه له‌ناو هیزه ئیسلامییه‌كاندا، ده‌ڵێت له‌سه‌ر خشتی كۆن بینای تازه درووستناكرێت، له ئاماژه‌یه‌كدا بۆ ئه‌وه‌ی تا سه‌ركردایه‌تی ئێستای ئیسلامییه‌كان نه‌گۆڕێت، ریفۆرم ناكرێت، تۆ بۆچوونت چییه له‌مباره‌یه‌وه؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: رێزی زۆرم بۆ قسه‌كه‌ی كاك عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌یه. ئێمه له لۆجیكدا یاسایه‌كمان هه‌یه، ده‌ڵێت وێكچوو یاد ته‌شبیه له روویه‌كه‌وه شتێك له شتێك نزیكده‌خاته‌وه، به‌ڵام له هه‌زار رووه‌وه دووری ده‌خاته‌وه. به‌راوردكردنی بیناو زه‌لام به‌یه‌كتری له‌روویه‌كه‌وه له زه‌ینی مرۆڤدا شتێك له‌یه‌كیان نزیكده‌خاته‌وه، به‌ڵام له هه‌زار رووه‌وه‌له یه‌كتری جیاوازن. بیناكان، ئه‌گه‌ر خشته‌كان كۆنبوون ناتوانن خۆیان نوێبكه‌نه‌وه، به‌ڵام تاكه‌كان ده‌توانن خۆیان نوێبكه‌نه‌وه. به‌بۆچوونی من به‌ستراوه به‌وه‌ی ئه‌م گروپانه ئیتر پیرن، گه‌نجن، كۆنن، هه‌رچییه‌كن، تاچه‌ند توانییان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌دا ، له‌گه‌ڵ دیموكراسی، له‌گه‌ڵ دیندا، له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤدا، ئازادی، له‌گه‌ڵ رۆڵپێدانی ئافره‌تدا، بێنه‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فیكریانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی رووكه‌شانه. بۆ نموونه من دیموكراسیم وه‌ك دیموكراسی قبوڵبێت، نه‌ك وه‌ك ئالییه‌تێكی سیاسیی، من رۆڵپێدانی ئافره‌تم وه‌ك مه‌خلوقێكی خاوه‌ن ماف پێقبوڵبێت نه‌ك بۆ جوانكردنی حیزبه‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان بتوانن ئه‌م شته نوێیانه له‌ناو خۆیان هه‌زمبكه‌ن، وه‌رچه‌رخانی فیكری له‌ناو خۆیاندا بكه‌ن، ئیتر كۆن‌و نوێ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا نییه، ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه نوێیه‌دا بێنه‌وه. به‌ڵام پێویستی به وه‌رچه‌رخانێكی فیكری هه‌یه، پێش وه‌رچه‌رخانی سیاسیی.