ئایا ئه‌خلاقێكی جیهانی بوونی هه‌یه؟
ن.جۆن هیك
له ئینگلیزیه‌وه: د. هادی محمد
"ده‌قی ووتارێكی گه‌وره بیریاری مه‌سیحی جۆن هیكه له سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی زانكۆی بیرمینگهام له به‌ریتانیا له شوباتی 2007 دا پێشكه‌شكراوه".
-ئه‌وه‌ی ئه‌خلاقێكی جیهانی بوونی هه‌یه لانی كه‌م له كایه‌ی مافه‌كانی مرۆڤدا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه له ساڵی 1948 له به‌یاننامه‌ی جاڕدانی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤدا. ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌كارهاتووه زاراوه‌ی مافه جیهانییه‌كانی مرۆڤه نه‌ك ئه‌خلاقێكی جیهانی، به‌لاَم مافه جیهانییه‌كانی مرۆڤ لانی كه‌م به‌شێكه یاخود توخمێكه له چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقێكی جیهانی. زاراوه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی Global Ethic نه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش له‌لایه‌ن ئیلاهیاتناسی كاسۆلیكی ئه‌ڵمانی "هانس كونگ hans kung"ه‌وه خرایه ڕوو، ئه‌م ئیلاهیاتناسه ماوه‌یه‌كی درێژ له ناكۆكیدا بوو له‌گه‌ڵ ڤاتیكاندا چونكه بیرۆكه‌ی مه‌عسومیه‌تی پاپای ڕه‌تده‌كرده‌وه‌و سنوری ته‌سكی ئیراده‌ی چاكه‌ی تێده‌په‌ڕاند و به‌شداری دایالۆگی نێوان ئایینه‌كانی ده‌كرد. ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌خلاقێك Ethic بوو كه هاوبه‌شه له نێوان هه‌موو شارستانیه‌ت و كلتور و ئایینه جیاوازه‌كانی جیهاندا. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به پێشه‌كی به‌یاننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه هه‌یه كه ده‌ڵێت: "رێزنه‌گرتن و سوكایه‌تی پێكردنی مافه‌كانی مرۆڤ كرده‌وه‌ی به‌ربه‌رییانه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت و ده‌بێته هۆی توڕه‌كردنی ویژدانی مرۆڤایه‌تی". دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بڕگه‌ی "ویژدانی مرۆڤایه‌تی conscience of mankind".
به‌ر له دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌مان له بێرمینگهام له ساڵی 2002، دامه‌زراوه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی (له‌لایه‌ن هانس كونگه‌وه بیرۆكه‌كه‌ی دانرا) چه‌ندین كۆنگره‌ی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی سازكرد، له ئه‌ڵمانیا تۆنی بلێر ووتاری دا‌و له شیكاگۆ كۆفی عه‌نان (ووتاره‌كانیان ده‌توانرێت له‌سه‌ر تۆڕی ئنته‌رنێت بخوێنرێته‌وه)، دامه‌زراوه‌كه‌ش ره‌شنووسێكی به‌یاننامه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی به‌رهه‌م هێنا، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ری. نازانم ئاخۆ ئه‌وه مه‌به‌ستێكی دڵسۆزانه بوو كه مه‌ڵبه‌ندی بێرمینگهام ده‌بێت له‌م پرۆژه‌یه‌دا كار بكات یاخود نا.
ئایا هیچ ئه‌خلاقێكی مرۆیی جیهانی یاخود گه‌ردوونی یاخود نزیك جیهانی بوونی هه‌یه؟ ده‌بێت ئاسته جۆراوجۆره‌كانی پرنسیپه ئه‌خلاقییه‌كان بناسینه‌وه. هه‌موو كلتوره ته‌مه‌ن درێژه‌كان بنه‌ڕه‌تێكی دینی كۆنیان هه‌یه. له ئایینه جیهانییه‌كاندا، له گشتگیرترین ئاستدا، ڕێسایه‌كی گه‌ردونی یاخود گشتگیر هه‌یه، له مه‌سیحیه‌تدا پێی ده‌ڵێن رێسای ئاڵتونی (golden rule). ئه‌م ڕێسایه له فۆرمه ئه‌رێییه‌كه‌یدا واته: "به شێوه‌یه‌ك ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا بكه كه خۆت حه‌زده‌كه‌یت به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵتا ڕه‌فتار بكه‌ن"، له فۆرمه نه‌رێكه‌یدا واته: "به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا مه‌كه كه خۆت حه‌زناكه‌یت به‌و شێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵتا بكه‌ن"، ئه‌مه له‌وانه‌كانی هه‌موو ئایینه مه‌زنه‌كاندا هه‌یه. با له هندستانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، له مها به‌هاراته‌ی Mahabharata هندۆسیدا: "هه‌رگیز ره‌فتارێك مه‌نوێنه به‌رامبه‌ر كه‌سێك كاتێك ئه‌و ڕه‌فتاره به‌رامبه‌ر خۆت بكرێت جێگه‌ی ئازار و ناڕه‌حه‌تی بێت". به كورتی ئه‌مه رێسای چاكه‌خوازییه Righteousness. له كریتانگای سوترا kritanga sutra"ی جه‌ینی دا (jain)،پێمانده‌وترێت به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌خلوقاته‌كانی دنیا بكه‌ن كه خۆت حه‌ز بكه‌یت به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا بكرێت. له په‌رتووكه‌كانی بوزادا چه‌ندین ووته‌ی له‌م جۆره هه‌یه: "چۆن دایكێك به درێژایی هه‌موو ته‌مه‌نی چاودێری منداڵه‌كه‌ی ده‌كات، تۆش ئامێز بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی دیكه بكه‌ره‌وه، (سوتانیپاتا)". وه گرنگترین فه‌زیله‌ته‌كان له بودیزمدا بریتین له كارونا (karuna) واته سۆز و مێتا metta واته به‌زه‌یی – خۆشه‌ویستی. له كلتوری چینیشدا، كۆنفۆشیۆس فێرمان ده‌كات" ئه‌و شته‌ی بۆ خۆت به په‌سه‌ندی نازانی، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش به په‌سه‌ندی مه‌زانه"، له په‌رتوكی تاویستدا (تای شانگ Taishang) ده‌خوێنینه‌وه: "پیاو چاك ئه‌و كه‌سه‌یه كه زه‌ره‌ر و قازانجی خه‌ڵكی به‌هی خۆی ده‌زانێت". له فارسی دێریندا (به ئێرانی ئه‌مڕۆشه‌وه) په‌رتوكی زه‌رده‌شتی بانگه‌شه ده‌كات: "فیتره‌تی چاك كاتێك به چاكی له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا به‌كارنایه‌ت، هه‌رچییه‌ك بێت بۆ خودی خۆشت چاك نییه.". مه‌سیح فێرمان ده‌كات: "ئه‌وه‌ی خۆت پێت باشه خه‌ڵكی له‌گه‌ڵتا بیكه‌ن، تۆش به‌و شێوه‌یه‌به له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا" (لۆقا 6:31). له ته‌لمودی Talmnd جوله‌كه‌شدا هاتووه "چیت بۆ خۆت پێناخۆشه، بۆخه‌ڵكیش پێت ناخۆش بێت..." ئه‌مه سه‌رجه‌می ناوه‌ڕۆكی ته‌وراته. له ئیسلامیشدا، له فه‌رمووده‌كانی موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ردا ده‌خوێنینه‌وه: "ئیمانداری ڕاسته‌قینه نییه ئه‌و كه‌سه‌ی كه چی بۆ خۆی پێخۆشه بۆ براكه‌ی پێی خۆش نه‌بێت..". كه‌واته ئه‌م بنه‌ما گشتییه‌ی چاكه‌خوازی Benevolence ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له هه‌موو ئه‌و وانانه‌دا كه هه‌موو شارستانیه‌ته‌كانیان پێكهێناوه هه‌ر له سه‌رده‌می ته‌وه‌رییه‌وه axial age له ده‌وروبه‌ری نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌زار ساڵی پێش زایین. ڕێسا ئاڵتونییه‌كه له‌سه‌ر هه‌ستێكی ئه‌خلاقی مرۆیی بنه‌ڕه‌تی بنه‌ما داده‌نێت كه به هه‌موو تیۆرییه ئه‌خلاقییه‌كان پێشینه‌سازی بۆ ده‌كرێت. ئه‌م هه‌سته‌ش له پێشه‌كی به‌یاننامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا به "ویژدانی مرۆڤایه‌تی" ناوی هاتووه. فه‌یله‌سوفه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق هه‌ر له كانته‌وه بۆ میڵ و بۆ جۆن ڕاوڵز و تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئاخۆ گرنگییان دابێت به ئه‌ركه‌كان duty یاخود لێكدانه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كان یاخود فه‌زیله‌ته‌كان Virtues یاخود سروشت و فیتره‌تی مرۆڤ، هه‌موویان هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ شیكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی لۆژیكی فیتره‌تێك Insight یاخود هه‌ستێك كه پێشوه‌خت له ناوماندا بوونی هه‌بووه‌و له هه‌مووماندا هاوبه‌شه. كه‌س ناتوانێت ئه‌م بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه بسه‌لمێنێت، له‌وه بنه‌ڕه‌تیتر و قوڵتره بتوانرێت له پێشه‌كی مه‌عریفی پێشینه‌ییه‌وه وه‌ربگیرێت و له ڕووی عه‌قڵییه‌وه بسه‌لمێنرێت، به‌لاَم سه‌رجه‌می گوتاری ئه‌خلاقیمان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بناغه داده‌نێت. مامۆستای كۆنفۆشیۆسی مینیشیۆس له سه‌ده‌ی چواره‌م و سێهه‌می پێش زایین‌دا ئه‌م فیتره‌ته بنه‌ڕه‌تییه به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت: "من ده‌ڵێم هه‌موو مرۆڤێك دڵێكی هه‌یه به‌زه‌یی به‌وانی دیكه‌دا دێته‌وه‌و سۆزی خۆی بۆیان ده‌رده‌بڕێت، دڵی هه‌ر مرۆڤێكیش ترس و تۆقین و سۆز و به‌زه‌یی ده‌یجوڵێنێ، كاتێك ده‌بینێت منداڵێك خه‌ریكه ده‌كه‌وێته بیرێكه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه نییه كه حه‌ز ده‌كات هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ دایك و باوكی منداڵه‌كه دروست بكات یاخود كۆمه‌ڵگه و هاوڕێكانی ستایشی بكه‌ن یاخود له‌به‌رئه‌وه نییه گریانی منداڵه‌كه ئازاری دابێت، ئه‌مه ئه‌وه نیشان ده‌دات هیچ مرۆڤێك نییه بێ دڵ بێت، هه‌موو مرۆڤێك دڵێكی هه‌یه چاكه و خراپه‌ی پێلێكجیا بكاته‌وه". له ڕاستیدا هه‌ندێك كه‌س ئه‌م دڵه‌یان نییه و به‌بێ هۆ دڕنده‌یی نیشان ده‌ده‌ن و چێژ ده‌به‌ن له ئازاردانی ئه‌وانی دیكه و دواجاریش ده‌كه‌ونه زیندانه‌وه یاخود له په‌یمانگای شێته‌كاندا به‌ند ده‌كرێن. ئه‌م ده‌روون نه‌خۆشانه یا ئه‌وه‌تا هه‌میشه توانای رێزگرتنی ئه‌وانی دیكه‌یان نه‌بووه یاخود هه‌ر له له‌دایكبوونه‌وه به‌و شێوه‌یه بووه كه هه‌رگیز ئه‌م توانایه گه‌شه‌ی پێنه‌دراوه، ڕای من ئه‌مه‌ی دووه‌میانه.
هه‌وڵده‌ده‌ین زۆرترین قسه له‌باره‌ی گشتگیرترین پرنسیپی ئه‌خلاقییه‌وه بكه‌ین كه من پێیده‌ڵێم پرنسیپی ئیراده‌ی چاكه‌خوازی Benevolence، ئه‌م پرنسیپه به نزیكه‌یی سه‌د ده‌رسه‌د جیهانییانه دانی پێدانراوه و به تیۆری قبوڵكراوه. به‌لاَم كاتێك سه‌یری دونیای ده‌وروبه‌رمان ده‌كه‌ین چ ناوچه‌ییانه و چ جیهانییانه زۆر ئاشكرایه كه ڕێسا ئاڵتونییه‌كه، به ده‌ربڕینه‌كه‌ی هاملێت، زیاتر پێشێلده‌كرێت و ده‌شكێنرێت و پشتگوێ ده‌خرێت وه‌ك له‌وه‌ی ڕه‌چاو بكرێت و به گوێی بكرێت. لانی كه‌م ئه‌م قسه‌یه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ڕاسته له بواری سیاسه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا. ئه‌گه‌ر ناوچه‌ییانه سه‌یركه‌ین، له ناو خۆمان و دراوسێ و هاوڕێكانماندا بوارێكی باشی میهره‌بانی و رێز و ڕه‌چاوكردنی دوولایه‌نه بوونی هه‌یه، هه‌رچه‌نده زۆر باشیش ئاگاداری ئه‌و هه‌موو بارودۆخه ده‌روونییه ئاشكرایانه‌ین كه دژی ڕێسا ئاڵتونییه‌كه ده‌وه‌ستنه‌وه وه‌كو خۆپه‌رستی و چاوچنۆكی و شه‌هوه‌تبازی و حه‌سودی و.. هتد.
ئایا دۆخه‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه‌یه كه عه‌قیده به جدی ده‌ست پێوه گیراوه‌كان هه‌ریه‌كه له‌لای خۆیه‌وه به شێوه‌یه‌ك پرنسیپه (بنه‌ما) بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی راڤه‌كردووه بۆته هۆی له‌كارخستنی ئه‌و بنه‌مایه؟. پێم وایه هیتله‌ر و ڕابه‌رانی نازی و به‌شێك له دانیشتوانی ئه‌و كاته‌ی ئه‌ڵمانیا به جدی باوه‌ڕیان وابوو كه جوله‌كه‌كان به‌رپرسیارن له زۆرترین كێشه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌هریمه‌نێك بوون كه ده‌بوو له ناوببرێن. بۆ چه‌ندان سه‌ده سپی پێسته‌كان باوه‌ڕیان وابوو كه ڕه‌ش پێسته‌كان ڕه‌گه‌زێكی نزمتر و سه‌ره‌تاییترن، له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌خلاقیه‌ن رێگه‌پێدراو بوو بچه‌وسێنرێته‌وه‌و كۆیله بكرێن. بۆ ئێستای ئێمه‌ش ئه‌م دۆخه هه‌روایه. ماوه‌یه‌ك له باشووری ئه‌فریقا بووم له ماوه‌ی دروستبوونی جیاوازی ڕه‌گه‌زیدا apartheid له‌گه‌ڵ دێسمۆند توتو و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌دا كه به‌ره‌نگاری سیاسه‌تی جیاوازی ڕه‌گه‌زی ده‌بوونه‌وه، له‌وێ كۆمه‌ڵێك ئیلاهیاتناسی گه‌وره‌ترین كه‌نیسه‌ی مه‌سیحی (كه‌نیسه‌ی ریفۆرمكراوی هۆڵه‌ندی) زۆر به جدی به پشت به ستن به بنه‌ما و به‌ڵگه‌ی ئنجیلی پشتیوانیان له سیاسه‌تی جیاوازی خستنی ڕه‌گه‌زی ده‌كرد. ئه‌وان به جدی باوه‌ڕیان وابوو كه ویستی خودا وایه مرۆڤی سپی پێست ده‌بێت فه‌رمانڕه‌وا بێت و ئه‌فریقیه ڕه‌ش پێسته‌كانیش خزمه‌تكار و ژێر ده‌سته. ئه‌مڕۆ له به‌ریتانیا وا ده‌رده‌كه‌وێت ڕابه‌رانی پارتی نیشتمانی به‌ریتانی (BNP) و لایه‌نگره‌كانیان به‌جدی باوه‌ڕیان وایه كه دانیشتوانی سپی پێستی نیشتمانی دایك له هه‌موو مه‌سه‌له كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان پێشینه‌یه‌كی بالاَتریان هه‌یه به‌سه‌ر كۆچكردووه ڕه‌ش و بۆره‌كان و نه‌وه‌كانیان.
ووتم وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو ئه‌م كه‌سانه دڵسۆز و جدین له عه‌قیده جۆراوجۆره ره‌گه‌زپه‌رستانه‌كه‌یاندا. له ڕاستیدا ده‌توانم بڵێم به شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌یی، دڵسۆزترینی نازییه‌كان به‌دكارترینیان بوون. به‌لاَم له ئه‌فریقای باشور له‌و كاته‌دا پێم وابوو ئێستاش پێموایه كه زۆرینه‌ی ئه‌و سپی پێستانه‌ی سوودمه‌ندبوون له سیاسه‌تی جیاوازی ڕه‌گه‌زی به ویستی خۆیان خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند. ئنجیل Bible ده‌كرێت به دیاری كراوی به‌كاربهێنرێت بۆ پاساودانی هه‌موو شتێك هه‌روه‌كو كه‌نیسه‌ی ریفۆرمكراوی هۆڵه‌ندی كردی. پێشموایه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پشتگیری پارتی نیشتمانی به‌ریتانی BNP ده‌كه‌ن، پشتگیری ئه‌و شتانه‌ش ده‌كه‌ن كه خۆیان وا ده‌زانن له به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تییه‌كانی خۆیانن و به ڕه‌گه‌ز په‌رستییه‌كی ناعه‌قلاَنی به‌هێز ده‌كرێت و پشتیوانی لێده‌كرێت...
لێره‌دا ئه‌وه‌ی به ڕاستی ده‌مێنێته‌وه و جێگه‌ی دڵنیاییه ئه‌وه‌یه كه هه‌ستێكی ئه‌خلاقی گه‌ردوونی یاخود جیهانی بوونی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌سته‌ش له‌لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه تاكی و كۆییه‌كانه‌وه زیاد له خۆی فرمانی دراوه‌ته‌پاڵ.
ریچارد دۆكین Richard Dawkins له كتێبه پڕ خوێنه‌ره‌كه‌یدا "وڕێنه‌ی خودا" God Delusion قسه له هه‌ستی ئه‌خلاقی و شكۆیی و سۆز و به‌زه‌ییمان ده‌كات.. ئه‌و سۆزه ئازار به‌خشه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌ین له ساتی بینینی منداڵێكی هه‌تیودا كه ده‌گری، بێوه‌ژنێكی پیری نا‌ئومێد له ته‌نیایدا یاخود بینینی ئاژه‌ڵێك ده‌ناڵێنێ له ئازاردا، هه‌روه‌ها هه‌ستی به‌هێزی ناردنی خه‌لاَتی نه‌ناسراوی پاره‌و پۆشاك بۆ قوربانییه‌كانی تسونامی له‌وپه‌ڕی جیهان كه هه‌رگیز نایانبینین، (215)، دۆكین لێكدانه‌وه‌یه‌كی بایۆلۆژییانه‌ی بۆ ئه‌م هه‌سته هه‌یه. باسی چوار سه‌رچاوه‌ی داروینی ده‌كات بۆ ئه‌خلاق morality. سه‌رچاوه‌یه‌كیان پشت ده‌به‌ستێت له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ی دۆكین پێیده‌ڵێت "جینی خۆویستی" selfish gene، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌و جینه‌ی به‌رنامه‌سازی ده‌كات بۆ زینده‌وه‌ره تاكه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی نزیكه (بنه‌ماڵه) بۆماوه‌ییه‌كانی خۆیان كار بكه‌ن، ئه‌م جینه له ڕووی ئامارییه‌وه زۆر ڕێی تێده‌چێت سوود به كۆپییه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت. ده‌كرێت رێژه‌ی جینێكی له‌و شێوه‌یه زیاد بكات بۆ ئاستێك تیایدا ئیراده‌ی خۆكردنه قوربانی و چاكه‌خوازی Altruism بۆ نزیكه‌كانی خۆی بێته ڕێسا‌و فۆرم، (216). لێره‌وه پێیوایه چاودێری دایك و باوك بۆ منداڵه‌كانیان چ له مرۆڤ و چ له زینده‌وه‌ره‌كانی دیكه‌دا به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌لاَم ئاخۆ ئه‌وه‌ی "جینی خۆپه‌رستی" كه‌سێك ده‌یهه‌وێت سوودمه‌ندبێت به حسابكردنی ئامارییانه‌ی نه‌ستی كه چۆن به باشترین شێوه ئه‌مه ئه‌نجام بدات، من وه‌كو چیرۆكی جانه‌وه‌رێكی مرۆشێوه دێته به‌رچاوم. له ڕاستیشدا چۆن ده‌توانێت سود له جینی كه‌سێك وه‌ربگرێت له كاتێكدا ژماره‌یه‌ك كۆپی زۆر له خۆی یان نزیك له خۆی هه‌بێت؟. لای دۆكین، سه‌رچاوه‌ی دووه‌می داروینی ئه‌خلاق چاكه‌خوازی به‌رامبه‌رێنی یاخود ئاڵوگۆڕییه Reciprocal altruism : "تۆ پشتی من بخورێنه، منیش پشتی تۆ ده‌خورێنم"، واته من شتێك بۆ تۆ ده‌كه‌م تۆش له به‌رامبه‌ردا شتێك بۆ من بكه. ئه‌مه ته‌نها له‌ناو ئێمه‌ی مرۆڤدا روونادات به‌ڵكو له‌ناو جۆره‌كانی دیكه‌ی زینده‌وه‌رانیشدا رووده‌دات."هه‌نگ پێویستی به هه‌لاَڵه هه‌یه و گوڵه‌كانیش پێویستیان به بلاَوبونه‌وه‌ی هه‌لاَڵه‌كان هه‌یه، گوڵه‌كان خۆیان ناتوانن بفڕن، له‌به‌رئه‌وه گوڵه‌كان هه‌لاَڵه‌كانی خۆیان وه‌كو پاره ده‌ده‌نه كرێ باڵی هه‌نگه‌كان" (7-216). ئه‌مه بنه‌مای هه‌موو ئاڵوگۆڕو بازرگانییه‌كه‌و دواجاریش بنه‌مای داهێنانی دراو‌و پاره‌یه.
كه‌واته به بۆچوونی دۆكین: "خزمێنه و به‌رامبه‌رێنی جووته پایه‌ی ئیراده‌ی چاكه‌خوازین له جیهانێكی داروینیدا" (218). سه‌رچاوه دووه‌مینییه‌كانی ئه‌خلاق بریتین له سومعه reputation له‌وانیش سومعه‌ی به‌زه‌یی و به‌خشنده‌یی كه ده‌شێت ببێته هۆی دروست بوونی ڕه‌فتاری چاكه‌خوازی، سه‌رچاوه‌یه‌كی دووه‌مینی دیكه بریتییه له به‌خشنده‌یی Generosity "به‌خشنده‌یی وه‌كو بانگه‌شه‌ی زاڵێتی یاخود بالاَیی" (218). دۆكین ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له رۆژگاره سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا، پێشینانمان له گونده بچوكه‌كاندا یاخود له شێوه‌ی گروپی گه‌ڕۆكدا ژیاون، له دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی گروپه‌كه خزمی یه‌كبون و ئه‌وانی دیكه‌ش كه‌سانێك بوون كه رۆژانه یه‌كتریان بینیوه‌و تێكه‌ڵی یه‌كتر بوون. ئه‌گه‌ر خزم بوونایه ئه‌و كاته چاكه‌خوازی خزمێنه‌كاری پێده‌كرا، ئه‌گه‌ریش خزم نه‌بوونایه به‌لاَم ئه‌گه‌ر ناسیاو بوونایه ئه‌وا بنه‌مای به‌رامبه‌رێنی و ئاڵوگۆڕ به‌رقه‌رار ده‌بوو.
له گروپێكی بچوكیشدا، ڕووبه‌رێكی هێجگار فراوان هه‌یه بۆ هاندانی شكۆمه‌ندی و بانگه‌شه‌ی بالاَیی و خۆده‌رخستن. دۆكین پێیوایه هه‌موو ئه‌مانه ڕێسای گشتی په‌نجه گه‌وره‌یان له ئێمه‌دا په‌ره‌پێداوه‌و گه‌شه‌ی كردووه: له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا جوان ره‌فتار بكه كه پێویسته له‌گه‌ڵیاندا وا بیت. دۆكین ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سروشتی داوای ده‌كات رێساكانی په‌نجه گه‌وره‌یه كه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی كارده‌كات بۆ هاندانی ئه‌و جینانه‌ی ئه‌و رێسایانه (رێساكانی په‌نجه گه‌وره) بنیات ده‌نێن". ئه‌مڕۆش كه ده‌بینین ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی له شار و شارۆچكه‌كاندا ده‌ژین، ئه‌م رێسای په‌نجه گه‌وره‌یه درێژه‌ی به كاركردنی خۆی داوه وه‌كو رێسا ئاڵتونییه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه بنه‌ڕه‌تییانه كۆتاییان هاتووه كه یه‌كه‌مجار ئه‌و ڕێسایه‌یان دروست كرد. وه‌كو دۆكین ده‌ڵێت رێسا ئاڵتونییه‌كه له ڕووی بنه‌ڕه‌ته بایۆلۆژییه‌كه‌یه‌وه به‌رهه‌می ڕێسای به كه‌ڵكی په‌نجه گه‌وره‌یه. باڵنده‌كان ڕه‌چاوی ڕێسای په‌نجه گه‌وره ده‌كه‌ن كاتێك خۆراك ده‌ده‌نه بێچووه‌كانیان له هێلانه‌كانیاندا. دۆكین ده‌پرسێت: "ئایا ده‌كرێت ئیراده‌ی چاكه‌خوازیمان هاوشێوه‌ی ڕه‌گه‌زی باوانی ته‌یره‌كانی قامیشه‌لاَن بێت كاتێك بێووچان ئیش ده‌كه‌ن بۆ بێچووه‌كانیان؟ به لێكچواندنێكی نزیكتر ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "ویستی مرۆڤ بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌و به‌خێوكردنی منداڵێك به‌هه‌مان شێوه به‌ڕێوه ده‌چێت.."
پوخته‌ی تیۆریاكه‌ی دۆكین ئه‌وه‌یه كه: ئه‌و هه‌سته ئه‌خلاقییه‌ی له ڕێسا ئاڵتونییه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت له ڕووی بایۆلۆژییه‌وه به‌رهه‌مێكی به‌جێماوی ڕێسای سوودبه‌خشی په‌نجه گه‌وره‌یه له سه‌رده‌مانی دێرینه‌وه گه‌شه‌ی كردووه كاتێك ژیان له كۆمه‌ڵه بچوكه داخراوه‌كاندا گوزه‌راوه. وه‌كو نمونه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌رهاویشته‌یه‌كی بایۆلۆژی دۆكین ئاماژه به‌وه ده‌كات ئاره‌زووی سێكسی درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات له كاتێكدا هیچ پێشبینییه‌ك یاخود نیه‌تێك له ئارادا نییه بۆ سكپڕی. ده‌شڵێت "هیچ ده‌لیلێك نییه كه بۆچی هه‌مان شت ڕاست نه‌بێت له‌باره‌ی ئاره‌زووی به‌خشنده‌یی و به‌زه‌یی بوون ئه‌گه‌ر ئه‌مه ده‌ره‌نجامێكی په‌یدابووی ژیانی لادێییانه‌ی پێشینانه (222)". ده‌ڵێت "هه‌ردووكیان ده‌ره‌نجامن و هه‌ڵه‌كانی داروین هه‌ڵه‌گه‌لێكی جوان و به‌نرخن (221)". لێره‌وه دۆكین به‌هایه‌كی به‌رز ده‌داته ئه‌خلاق به‌لاَم تێڕوانینێكی سروشتگه‌رایی په‌تی بۆی هه‌یه. ئایا ئاره‌زوویه‌كی به به‌زه‌یی و به‌خشنده‌یی بوون له ئێمه‌دا هه‌یه بشێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌راورد بكرێت له خێرایی و خه‌ستیدا به ئاره‌زووی سێكسی؟ پێموایه ئه‌مه ته‌نها زیاده‌ڕه‌وییه‌كی به‌لاغییه. ئایا تیۆریه‌كه‌ی دۆكین شایانی قبوڵكردنه؟، تاسه‌ر ئێسقان قسه‌گه‌لێكی تیۆرییه و دانراوه‌یه‌كی (فرچیه) زانستی نییه چونكه توانای ڕاست بوون Verification یاخود هه‌ڵه‌بوونی Falsification ئه‌زموونی نییه واته ناكه‌وێته ژێر ئه‌زمونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ڕاسته یاخود هه‌ڵه. به‌لاَم ئایا ئه‌م تێڕوانینه یاخود تیۆریایه شایانی ڕاست بوونه؟ زۆریش نا. بێگومان پێم وایه ئه‌وه ڕاسته كه ئێمه ئاژه‌ڵگه‌لێكی كۆمه‌لاَیه‌تین و مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كانیش له شێوه‌ی گروپی بچوكدا ژیاون كه تیایدا خزمایه‌تی و به‌رامبه‌رێنی فاكته‌رگه‌لێكی گرنگ بوون. به‌لاَم ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه ده‌بێت كاری كردبێته سه‌ر جینه‌كان و ڕێسای په‌نجه گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێنابێت و بۆماوه‌ییانه گواسترابێته‌وه بۆ جینه‌كانی ئێمه له‌مڕۆدا، به‌لای منه‌وه ئه‌مه شتێكه شایه‌نی ڕاست بوون نییه. كۆنترین مرۆڤ له ڕووی زانستی توێكارییه‌وه مرۆڤی نوێ بۆی بگه‌ڕێته‌وه homo sapiens sapiens نزیكه‌ی دووسه‌د هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌فریقا ژیاوه هه‌رچه‌نده دیاری كردنی ئه‌م ماوه‌یه جیاوازه له 130 هه‌زار ساڵه‌وه بۆ 250 هه‌زار ساڵ. به‌لاَم ئه‌مه له ڕووی كاتی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه چاوتروكانێكه. ئایا ئه‌مه جێی باوه‌ڕپێكردنه كه ئیراده‌ی به‌هێزی ئێمه بۆ ناردنی به‌خششی پاره یاخود جلوبه‌رگ بۆ قوربانییه‌كانی تسونامی له‌وپه‌ڕی جیهان كه هه‌رگیز نه‌مانبینیون و پێیان نه‌گه‌یشتووین یاخود هه‌ستی ئێمه له ساتی بینینی ئاژه‌ڵێك له ئازاردا ده‌ناڵێنێت (ئه‌مانه دوو نمونه‌ی دۆكینن له باره‌ی ئیراده‌ی چاكه‌خوازییه‌وه) ده‌ربڕین و ده‌ركه‌وته‌گه‌لێكی رێسای په‌نجه‌گه‌وره‌ن له كۆمه‌ڵگه داخراوه بچوكه‌كاندا په‌ره‌ی سه‌ندبێت. ئه‌مه به‌لاتانه‌وه چۆنه؟ به‌لای منه‌وه تائه‌وپه‌ڕی شایانی ڕاست بوون نییه. ئه‌م نمونانه‌و زۆرێكی دیكه‌ش گونجاونین له‌گه‌ڵ چوار سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌خلاق كه دۆكین ده‌یانناسێنێت (خزمایه‌تی و به‌رامبه‌رێنی و سومعه و جه‌ختكردنه سه‌ر بالاَیی). به پێچه‌وانه‌وه وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه هه‌ستێكی ناوه‌كی سۆز و به‌زه‌ییمان هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه كه ده‌شێت پێی بڵێین "ویژدانی مرۆڤایه‌تی conscience of mankind" كه له ڕێسا ئاڵتونییه‌كه‌دا به‌رجه‌سته بووه.
ئه‌م هه‌سته ناوه‌كییه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
ئێستا من پێشنیارێكی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی بنه‌ڕه‌تی (ئه‌سڵی) چاكه‌خوازییه‌وه ده‌خه‌مه ڕوو. ڕێسا ئاڵتونییه‌كه وه‌كو پرنسیپێك شایانی ده‌رككردن بێت، له ماوه‌ی ته‌وه‌رییه‌وه axial period هاتۆته بوون به نزیكه‌یی له نێوان 800-200 پێش زاینی بووه. له‌و فه‌تره‌یه‌دا بوو كه‌سایه‌تییه به‌رچاوه‌كانی دونیا ده‌ركه‌وتن و له كۆمه‌ڵگاكانی خۆیانه‌وه سه‌ریان ده‌رهێناو بانگه‌شه‌ی جیهان بینییه نوێیه گرنگه‌كانی خۆیان كرد. له چین، كۆنفۆشیۆس و مێنشیوس و لاوتز و (یاخود نوسه‌ره نه‌ناسراوه‌كه‌ی تاوتی شینگ) و مۆتزی ده‌ركه‌وتن. له هندستان، گواتامای بوزی و مه‌هاویرای دامه‌زرێنه‌ری ترادسیۆنی جه‌ین Jain یاخود جه‌ینیزم (ئایینێكی هندۆسییه له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زاینییه‌وه دروست بووه‌و جه‌خت له سه‌ر زوهد و ڕوحگۆڕكێ ده‌كاته‌وه به‌لاَم گرنگی به په‌رستشی ڕوحیانه‌ی خوداكان نادات)، نوسه‌ره‌كانی ئۆپانیشادو دواتر باگاوادی گیتا. له فه‌له‌ستین پێغه‌مبه‌ری عیبری مه‌زن ده‌ركه‌وتن: ئامۆس، هۆزیا، جێره‌میا، ئیزایا، ئیزه‌كیاڵ. له یۆنانیش، پایتاگۆراس و سوكرات و ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ. هه‌روه‌ها زه‌رده‌شتیش پێیانوایه له‌م فه‌تره‌یه‌دا ژیاوه به‌لاَم ئێستا ده‌ڵێن زۆر زووتر، ده‌وروبه‌ری 1200 پێش زایین ژیاوه. به‌لاَم ئه‌گه‌ر ئێمه مه‌سیحیه‌ت Christianity به یه‌هودیه‌تێكی Judaism پێش وه‌خت هاتووی بزانین و ئیسلامیش به یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌تێكی پێشوه‌خت هاتووی بزانین، ئه‌و كاته هه‌موو "ئایینه جیهانییه مه‌زنه‌كان" ڕه‌گوڕیشه و بنه‌ڕه‌تیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌ی ته‌وه‌ری.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، میلله‌تانی پێش سه‌رده‌می ته‌وه‌ری له شێوه‌ی كۆمه‌ڵی لادێیی بچوكدا ژیاون تیایدا ئه‌ندامه‌كانی خۆیان به خانه‌ی زیندووی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌زانی وه‌ك له‌وه‌ی خۆیان به تاكگه‌لێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ بزانن. به‌لاَم له سه‌رده‌می ته‌وه‌ریدا، شاره‌كان گه‌شه‌یان كرد و به‌رهه‌مهێنانی تایبه‌تمه‌ند و ئاڵوگۆڕی شتومه‌ك و په‌ره‌سه‌ندنی نوسین و له كه‌شی تاڕاده‌یه‌ك ئاشتی ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره‌كاندا، هه‌ستی سه‌ره‌تایی كه‌سایه‌تی تاك له هه‌ست و هۆشیاری گشتی خێڵدا ده‌ركه‌وت و له مه‌لیك و ئیمپراتۆر و قه‌شه بالاَكانه‌وه گواسترایه‌وه بۆ خه‌ڵكی ئاسایی. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌بوو له پێشتردا خواكان خوای شوێنێكی تایبه‌تی یاخود گروپێكی تایبه‌ت بوون، به‌لاَم گه‌وره حه‌كیم و پێغه‌مبه‌ره‌كانی سه‌رده‌می ته‌وه‌ری به په‌یامێك قسه‌یان بۆ تاك ده‌كرد له جه‌وهه‌ردا گرنگییه‌كی گه‌ردونی هه‌بوو، تایبه‌ت نه‌بوو به ناوچه‌یه‌ك یاخود كۆمه‌ڵێكه‌وه. له ناو ئه‌م دۆخه نوێیه‌شدا بوو كه ڕێسا ئاڵتونییه‌كه له‌ناو هه‌ریه‌كه له ترادسیۆنه گه‌شه‌كردووه‌كاندا چه‌سپێنراو ده‌وترایه‌وه. هه‌موو ده‌ربڕینه جیاوازه‌كانی ئه‌م ڕێسا ئاڵتونییه كه پێشتر ئاماژه‌م پێدان له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتن یه‌كێكیش له‌وانه ئه‌و ڕێسایه‌یه له په‌رتوكه زه‌رده‌شتییه‌كاندا هاتووه كه پاش زه‌رده‌شت خۆی په‌یدا بووه.
كه‌واته له كاتێكدا ده‌شێت خزمایه‌تی و به‌رامبه‌رێنی به باشترین شێوه بووبێته بنه‌مای ئه‌خلاقیه‌تی گروپی بچوك و لادێیی له سه‌رده‌مه درێژه‌كانی پێش – ته‌وه‌ری دا، پێشنیار و تێڕوانینی من ئه‌مه‌یه: پرنسیپه گه‌ردونیتره‌كه‌ی ڕێسا ئاڵتونییه‌كه له‌گه‌ڵ تێڕوانین و دیدگای ئایینی نوێی سه‌رده‌می ته‌وه‌ریدا په‌یدا بوو. ئێمه وه‌لاَمی پێویستییه‌كانی قوربانییه‌كانی تسونامی یاخود قوربانییه‌كانی هه‌ژاری و قات و قڕی له ئه‌فریقا یاخود قوربانییه‌كانی زوڵم و ئه‌شكه‌نجه ناده‌ینه‌وه كه هه‌زاران میل لێمانه‌وه دوورن له‌سه‌ر بنه‌مای خزمایه‌تی و به‌رامبه‌رێنی به‌ڵكو وه‌لاَم ده‌ده‌ینه‌وه‌و به‌هانایانه‌وه ده‌چین له‌سه‌ر سۆز و به‌زه‌ییه‌كی ناكۆتا و سۆز و به‌زه‌ییه‌ك كه بۆ یه‌كه‌م جار له سه‌رده‌می ته‌وه‌ریدا له‌سه‌ر ده‌ستی پێغه‌مبه‌ر و حه‌كیمه مه‌زنه‌كان وترایه‌وه‌و له ڕێسا ئاڵتونییه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌بوو. ئه‌م ڕێسایه‌یان له كوێوه به‌ده‌ست هێنا؟ له دیدێكی ئایینیه‌وه، خه‌ڵكی هۆشیارییه‌كی قوڵتریان په‌یداكرد له باره‌ی حه‌قیقه‌تی بالاَی (متعالی) كۆتاییه‌وه، لای هه‌ندێكیان ئه‌م هۆشیارییه وه‌كو شتێكی كه‌سی و هه‌ندێكی دیكه‌شیان وه‌كو شتێكی به‌ده‌ر له جیاوازی كه‌سی و ناكه‌سی وه‌ریانگرت. ئه‌م هۆشیارییه قوڵه له باره‌ی بالاَیی یاخود بڵندگه‌راییه‌وه (متعالی Transcendent) زه‌روره‌تێكی ئه‌خلاقی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. ده‌شێت لۆژیكی ئه‌م هۆشیارییه له ڕوونترین شێوه‌دا له بودیزمدا ببینین، له بودیزمدا، ئازادبوون (به زاراوه‌ی خۆرئاوا رزگاری ٍSalvation) ئازادبوونه له نه‌فسێكی خود سه‌نته‌ر كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خۆویستییه‌ك و به‌دبه‌ختییه‌كه و ئازادبوونه به‌ره‌و گرنگیدانێكی بێ لایه‌ن به هه‌مووان و خود و ئه‌وانی دیكه‌ش. بڵندگه‌را (متعالی) – سه‌نته‌ریش كرۆكی هه‌ریه‌كێك له ئیمانه جیهانییه‌كانه.
به‌لاَم له دیدێكی سروشتگه‌رایی یاخود نا ئایینییه‌وه، چۆن ئه‌م هۆشیارییه دروست بوو؟ نه‌خێر، من له بایۆلۆژی مرۆڤه‌وه قسه‌ده‌كه‌م كه هیچ جیاواز نابێت له ماوه‌یه‌كی كورتی وجودی مرۆڤدا؟ پاشان چۆن په‌یدا بوو؟ ئه‌مه پرسیارێكه بۆ بیریاره سروشتگه‌راكان وه‌لاَمی بده‌نه‌وه.
به‌لاَم هه‌رچۆنێك بێت په‌یدا بووه، ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته ئه‌وه‌یه كه ڕێسا ئاڵتونییه‌كه جیهانییانه دانی پێدانراوه هه‌م وه‌كو پرنسیپێك و هه‌م له پراكتیزیشدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرنسیپێكی زۆر گشتییه. ئه‌وه‌ش كاتێكه كه هه‌وڵی ڕوونكردنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی جێكه‌وته‌كانی ده‌ده‌ین له بارودۆخ گه‌لێكی تایبه‌تیدا كه كێشه‌كان تیایدا په‌یداده‌بن. لێره‌دا پێویسته جیاوازی بكه‌ین له نێوان دوو ئاستی تایبه‌تمه‌ندێتیدا: له نێوان ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین پێیبڵێین پرنسیپه ناوه‌ندییه‌كان (intermediate) و رێسا تایبه‌ته‌كان (Specific rules).
نمونه‌یه‌كی پرنسیپی ناوه‌ندی ده‌شێت ئه‌مه بێت: "كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروست كۆمه‌ڵگایه‌كه به دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێكدا ده‌كات"، له كاتێكدا نمونه‌ی ڕێسایه‌كی تایبه‌تی ده‌شێت ئه‌مه بێت: "مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێكدا به دادپه‌روه‌رانه پێویستی به‌وه‌یه هه‌موو كه‌سێك مافی ده‌نگدانی دیموكراسی هه‌بێت..".
دامه‌زراوه‌ی ئه‌خلاقی جیهانی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه تیایدا بانگێشتی خه‌ڵكی هه‌موو كلتور و ئایینه‌كان ده‌كات بۆ به‌شداری كردن و هاوبه‌شی كردن تیایدا. له‌بری ئه‌م به‌ڵگه‌نامه زۆر درێژه، دانه (نوسخه) كورتكراوه‌كه‌ی به‌كارده‌به‌م كه له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر لیونارد سویدلێر له فیلادلفیا یه‌كێكه له ناسراوترین كه‌سایه‌تیه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، پێشنیار كراوه. سویدلێر نۆ پرنسیپ ده‌خاته ڕوو ئه‌و به پرنسیپه ناوه‌ندییه‌كان ناویان ده‌بات، باسی هه‌موویان ده‌كه‌م به‌لاَم تێبینی خۆم ته‌نها له‌سه‌ر هه‌ندێكیان ده‌ده‌م.
پرنسیپی یه‌كه‌م: ماف و به‌رپرسیاریه‌ته یاساییه‌كان: "له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان شكۆمه‌ندییه‌كی یه‌كسانی زگماگیان هه‌یه، پێویسته له‌به‌رده‌م یاسادا به یه‌كسانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و وه‌كویه‌ك پارێزگاریان لێبكرێت.."، تاكه سه‌رنجێك لێره‌دا بیده‌م ده‌شێت ته‌نها كات كوشتن بێت، ئه‌وه‌یه كه یاسا خۆی چییه. هه‌ندێك یاسا خۆی جیاوازی دروست ده‌كات له نێوان كه‌سه‌كاندا. بۆ نموونه هه‌نووكه له ئه‌مریكا یاسایه‌كی پێشنیار كرا‌و هه‌یه به‌پێی ئه‌م یاسایه كۆچبه‌ره نایاساییه‌كان ده‌بێت پێنج ساڵ له‌و ولاَته‌دا بژین و كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داوای هاولاَتیبوون بكه‌ن، ئه‌مه‌ش جیاوازی دروستكردنه له نێوان ئه‌مانه و ئه‌وانه‌ی كه‌متر له پێنج ساڵ له‌و ولاَته‌دا نیشته‌جێبوون. به‌م شێوه‌یه ئه‌مه جیاوازی دروستكردنه له نێوان دوو گروپدا. به‌لاَم یاسادانه‌ران قسه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كۆچبه‌ران به یه‌كسانی به گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ئه‌و یاسایه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها پاساودراوه له به‌رژه‌وه‌ندی ولاَته یه‌كگرتووه‌كاندا بێت. ئه‌وه یاسایه و مامه‌ڵه‌كردن نییه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا به‌گوێره‌ی یاسا، ئه‌وه جیاوازی دروستكه‌ره. ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌م جۆره گه‌لاَڵه‌كردنه‌ی پرنسیپی ناوه‌ندی یه‌كه‌م به‌بێ وه‌لاَم جێیده‌هێڵێت ئه‌وه‌یه چۆن ده‌توانین جیاوازی بكه‌ین له نێوان یاسا جیاوازی دروستكه‌ره پاساودراوه‌كان و ناپاساو دراوه‌كان؟
پرنسیپی دووه‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بیرده‌كه‌نه‌وه‌و له جه‌وهه‌ریشدا بونه‌وه‌رێكی ئازاد – بڕیارده‌رن، هه‌موویان مافی ئازادی بیركردنه‌وه‌و قسه‌كردن و ئازادی هۆش و ئایین و بیر‌و باوه‌ڕیان هه‌یه"، ئه‌م پاشكۆیه‌شی له‌گه‌ڵدایه: "له هه‌مان كاتدا، هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌بێت موماره‌سه‌ی ئه‌م به شێوه‌یه‌ك بكه‌ن كه ڕێزی خۆیان و ئه‌وانی دیكه بگرن و هه‌وڵبده‌ن زۆرترین سودمه‌ندی به‌رهه‌م بهێنن هه‌م بۆ خۆیان و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ریشیان". دووباره ئه‌م پرنسیپه گشتییه ڕاست و دروست دێته به‌رچاو، به‌لاَم له هه‌ندێك باری تایبه‌تیدا یارمه‌تیمان نادات بڕیار بده‌ین بۆ نمونه كاریكاتێره‌كانی دانیمارك پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌دیان نیشانده‌دا به بۆمبێكه‌وه له مێزه‌ره‌كه‌یدا كه ئه‌یچواند به خۆته‌قێنه‌ره‌وه‌كانی ئه‌مڕۆ یاخود ناڕه‌زاییه‌كانی دژی شانۆكه‌ی بێرمینگهام له باره‌ی سیخییه‌كانه‌وه. دیدی شه‌خسی من ئه‌مه‌یه كه كاریكاتێره دانیماركییه‌كان وێڵكه‌رن و نابه‌رپرسیان، به‌لاَم خۆپیشانده‌ره سیخییه‌كان هه‌ڵ بوون له‌وه‌دا پێیان وابوو كرده‌وه‌كانیان شایانی پاساون، به بڕوای من جیاوازی نێوان ئه‌م دوو باره ئه‌مه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ده‌ست درێژی بوو بۆ سه‌ر موسڵمانه‌كان و دووه‌میشیان بۆ سه‌ر سیخییه‌كان، هه‌روه‌ها كاریكاتێره دانیماركییه‌كان مایه‌ی سه‌ر لێشێوان بوو بۆ زۆر كه‌س چونكه له ئیسلامدا خۆ كوشتن تاوانه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش موحه‌مه‌د په‌لاماردانی یاساغ كردووه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و سومعه‌ی دوژمن و سه‌ر لێشێوێنه‌ر بوو به‌و مانایه‌ی ڕق و كینه له ناو خه‌ڵكیدا ده‌وروژێنێت دژی موسڵمانه‌كان، له كاتێكدا شانۆگه‌رییه‌كی بێرمینگهام ڕه‌خنه‌یه‌كی ناوه‌كی نووسه‌رێكی سیخی بوو له دیوێكی ژیانی هه‌ندێك له گوروه سیخییه‌كان (ڕابه‌ری ڕوحی سیخییه‌كان).
ده‌كرێت له یه‌كێك یاخود له هه‌ردوو ئه‌و بارانه‌دا كه باسكران حوكمی جیاواز بده‌ن، به‌لاَم هه‌رچییه‌ك بێت پرنسیپه ناوه‌ندییه‌كه خۆی له پراكتیزه‌دا یارمه‌تیمان نادات، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م بابه‌ته زۆر پشت ده‌به‌ستێت به بارودۆخه تایبه‌تییه‌كان.
پرنسیپی ناوه‌ندی سێهه‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌ن و توانای ده‌رككردن و ده‌ربڕینی حه‌قیقه‌تیان reality هه‌یه، هه‌موو تاكه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان ماف و به‌رپرسیاریه‌تی فێربوون و ده‌ربڕینی حه‌قیقه‌تیان هه‌یه به‌ڕاستگۆیانه تا ئه‌وپه‌ڕی". دیسانه‌وه ئه‌م پرنسیپه‌ش ڕاست دێته پێش چاو به‌لاَم پرسیارگه‌لێكی قورس بێ وه‌لاَم جێده‌هێڵێت. له هه‌ندێك كایه‌دا پرنسیپه‌كه واده‌رده‌كه‌وێت جێی مشت‌ومڕ نییه: له فه‌زای گشتیدا، حه‌قیقه‌ت Truth واته ڕاستییه ساده و ڕووته‌كان – ئایا عێراق چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی هه‌بوو؟... هتد. به‌لاَم له فه‌زای تایبه‌تی خێزان و ژیانی دراوسێیه‌تیدا، ئایا بۆ نمونه هه‌میشه باشترین كار ئه‌وه‌یه بڵێین حه‌قیقه‌ت بلاَوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك زانیاری سوكایه‌تی ئامێز و به‌دڕه‌فتارییه؟ به‌لاَم بێگومان لێره‌دا په‌یامێكی گرنگ هه‌یه بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كان و چاپخانه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌میشه هه‌وڵی "فێربوون و ده‌ربڕینی حه‌قیقه‌تیان داوه به ڕاستگۆیی"، به‌بێ زیاده‌ڕه‌وی سه‌ردێڕه‌كان و بێ لادان و لار و له‌وێری، بێگومان كۆمه‌ڵگه له دۆخێكی باشتردا ده‌بوو. به‌لاَم كاتێك دێینه سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه ڕێككه‌وتنێك agreement له‌سه‌ریان نییه (ده‌شێت هه‌رگیز ئه‌و ڕێككه‌وتنه دروست نه‌بێت) هه‌روه‌كو پرسه‌كانی ئایین و ئایدۆلۆژیا، ئه‌م پرنسیپه ناوه‌ندییه جێبه‌جێ نابێت.
پرنسیپی ناوه‌ندی چواره‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بونه‌وه‌رێكی ئازاد – بڕیارده‌رن، هه‌موو مرۆڤه پێگه‌یشتووه‌كان (باڵغه‌كان) مافی ده‌نگدانیان هه‌یه به‌ڕاسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆ له هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی كار ده‌كاته سه‌ریان، ئه‌مه ئه‌و به‌شداریكردنه ماناداره‌ش ده‌گرێته‌وه له هه‌ڵبژاردنی ڕابه‌ره‌كانیان و هێشتنه‌وه‌یان، به هه‌مان شێوه‌ش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بچنه هه‌موو ئه‌و پێگه سه‌رۆكایه‌تییانه‌ی كه تواناكانیان ڕێیان پێده‌دا"، به كورتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات دیموكراسی له چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقێكی گه‌ردونیدایه. شه‌خسی خۆم به‌مه ڕازیم، به‌لاَم سه‌یرم له‌وه دێت ئاخۆ ئه‌م بانگه‌شه‌یه هێنده به‌ڵگه نه‌ویسته وه‌كو ئه‌وه‌ی له كلتوری خۆماندا هه‌ستی پێده‌كه‌ین.
هه‌ندێك شتی زۆر گرنگ هه‌ن كه دیموكراسی به باشی مامه‌ڵه‌یان له ته‌كدا ناكات چونكه فه‌رمانڕه‌واكان بۆ فه‌تره‌یه‌كی دیاری كرا‌و هه‌ڵده‌بژێردرێن به شێوه‌یه‌كی گشتی ناتوانن كێشه ته‌مه‌ن درێژه‌كان له‌باربه‌رن كه ئێستا پێویستیان به بڕیارگه‌لێكی جه‌ماوه‌ری نییه. زه‌قترین نمونه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی جیهانه (Global warming)، ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌مان و حكومه‌ته ئه‌وروپییه‌كانی دیكه و حكومه‌تی ئه‌مریكی زۆر به جدی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌شته ئاسمانییانه‌یان بدایه كه بۆ خۆشی و ڕابواردن ده‌كرێن و باجی قورسیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و ئوتومبێلانه دابنایه كه بۆ خۆشی و له‌زه‌ت به‌كار ده‌هێنرێن و به‌كارهێنانی نا پێویستی كاره‌با و گازیان كه‌مبكردایه‌ته‌وه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی داهاتوویان ده‌دۆڕاند. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سته‌مكارێكی ڕۆشنگه‌ر، پاشا فه‌یله‌سوفه‌كه‌ی ئه‌فلاتون ده‌یتوانی ئه‌و كارانه بكات. به‌لاَم بێگومان كێشه‌كه لێره‌دا مه‌حاڵی دڵنیابوونه له‌وه‌ی كه سته‌مكاره‌كه چه‌نده زیره‌كانه به ڕۆشنگه‌ری ڕوپۆشكراوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دڵنیابوونه مه‌حاڵه، دیموكراسی هێشتا سیسته‌می كه‌مترین خراپه‌یه.
پرنسیپی ناوه‌ندی پێنجه‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوان و ژنان به‌یه‌كسانی له‌دایك ده‌بن و هه‌موو پیاوان و ژنانیش مافی یه‌كسانیان هه‌یه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌واوی هه‌موو تواناكانیان و ئازادی هاوسه‌رگیرییان هه‌یه، هه‌موو ژنان و پیاوان مافی یه‌كسانیان هه‌یه بچنه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه یاخود به‌بێ ژیانی هاوسه‌ری بژین. پێم وایه لێره‌دا و له هیچ شوێنێكی دیكه‌شدا هیچ نه‌وتراوه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه هاوڕه‌گه‌زبازییه‌كان (Homosexual) یاخود هاوڕێیه‌تییه مه‌ده‌نییه‌كان.
پرنسیپی ناوه‌ندی شه‌شه‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به سروشتی خۆیان جه‌سته‌ییانه‌و كۆمه‌لاَیه‌تییانه ئازادن، هه‌موو مرۆڤه‌كان تاكه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان مافی خاوه‌نێتی و تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌مه‌چه‌شنییان هه‌یه". بڕگه‌ی "خاوه‌نێتی و تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌مه‌چه‌شنه‌یی" زۆر لێك و ناڕۆشنه، ئایا ئه‌و پیشه‌سازییانه ده‌گرێته‌وه له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه یاخود گروپێكی بچوكه‌وه خاوه‌ندارێتییان ده‌كرێت؟ یاخود ئه‌و رۆژنامه و ڕاگه‌یاندنانه‌ی تاكه كه‌سێك خاوه‌نیانه وه‌كو برلسكۆنی یاخود موردۆخ؟
پرنسیپی ناوه‌ندی حه‌وته‌م: "هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌بێت كاری مانادار و پشوویه‌كی (فه‌راغ) خۆشی هه‌بێت. هه‌رچۆنێك ڕه‌خنه بكرێت، هه‌نووكه كارگه‌لێكی زۆرهه‌ن كه زه‌روورین به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مانادارنین به‌ڵكو ناخۆش و بێ‌مانا و نه‌خوازراون. ئایا ده‌شێت بۆ هه‌موو كه‌سێك و له هه‌موو شوێنێك وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن كارێكی مانادار هه‌بێت؟ ئایا چه‌ند كه‌س ئه‌مڕۆ ئه‌و جۆره كارانه‌یان هه‌یه؟ پشووی ڕابواردن و كات به‌سه‌ربردن ئاسانتر به‌هانه‌ی بۆ ده‌هێنرێته‌وه. ده‌كرێت بووترێت كارێك كه‌متر مانادار بێت، كاتێكی پشووی زیاتری هه‌بێت. به‌لاَم ئه‌م پرنسیپه خۆی یارمه‌تیمان نادات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه.
پرنسیپی هه‌شته‌م: "له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاشتی هه‌م وه‌كو نه‌بوونی توندوتیژی و هه‌م وه‌كو بوونی دادپه‌روه‌ری مه‌رجێكی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونی خۆی به‌ره‌و كامڵ بوون به‌رێت. هه‌موومان ده‌بێت خه‌بات كه‌ین بۆ گه‌شه‌كردن و به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان". ئه‌و مه‌رجه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه زیادی كردووه ئه‌وه‌یه كه "ده‌بێت زۆر به توندی دژی توندوتیژی بوه‌ستینه‌وه، ته‌نها له‌یه‌ك كاتدا په‌نای بۆ ده‌برێت كه نه‌بوونی توندوتیژی ببێته تاوانكارییه‌كی گه‌وره‌تر". به‌لاَم پرسیارگه‌لێك هه‌ن له كاتی بوونی تاوانكارییه‌كی گه‌وره‌تردا په‌یدا ده‌بن، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌و كاته بین ئینجا ده‌كرێت دڵنیا بین.
پرنسیپی نۆیه‌م و دوا پرنسیپ: "پێویسته هه‌موومان ڕێزی ئه‌و فه‌زا و كه‌شه بگرین كه په‌یوه‌ستن پێوه‌ی، وا دێته پێش چاوم ئه‌مه شتێكه هه‌موو كه‌سێك له هه‌موو شوێنێكه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی تیۆری پابه‌نده پێوه‌ی، به‌لاَم هه‌موومان له پراكتیزدا پێشێلی ده‌كه‌ین. پرنسیپه‌كه‌ش یارمه‌تیمان نادات بۆ دیاریكردنی ئه‌و پێوه‌ره تایبه‌تانه‌ی كه كرده‌یین له پیاده‌كردنی دیموكراسییه‌كی خۆییدا. ئێستا هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رنجێكی گشتی له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپانه وه‌كو گشتێك بده‌م. ئێمه ئه‌مڕۆ هه‌موومان هۆشیارین به‌وه‌ی ئه‌م جیهانه‌مان بۆته یه‌كه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداری واقعی، به‌و مانایه‌ی نه‌ته‌وه‌كان و نیشتمانه‌كان له ڕووی ئابورییه‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ستی یه‌كترن و پشت به یه‌كتر ده‌به‌ستن، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه جه‌نگ به شێوه‌یه‌كی دڕندانه وێرانكه‌ره. مانه‌وه‌و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕه‌گه‌زی مرۆیی له‌م قۆناغه‌ی مێژوودا پێویستی به گفتوگۆ و ده‌ربڕینی لانیكه‌م یه‌ك بۆچوون و دیدگایه‌كی ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی یاخود كۆمه‌ڵێك پرنسیپی ئه‌خلاقی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپانه هه‌موو ته‌رزه سه‌ره‌كییه‌كانی كلتوری مرۆیی ڕێكبكه‌ون و ده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌فتاریان هه‌بێت. پێویستمان به ده‌رخستن و په‌روه‌رده‌كردنی زه‌مینه‌ی یه‌كیه‌تی مرۆیی هه‌یه له‌ژێر فره‌یی نه‌ته‌وه‌كان و كلتوره‌كان و سیسته‌مه كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان و ئایینه‌كان و ئایدۆلۆژییه‌كان كه له ناویاندا و له نێوانیاندا پێكدادان ڕووده‌دات.
كاتێك ڕۆشنگه‌ری ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا گه‌یشته لوتكه، خۆرئاوا لێوان‌لێو بوو له ڕوحیه‌تی بیرمێژوویی زانستخوازی لیبراڵی دیموكراسی تاكگه‌رایی، ئه‌م ڕوحیه‌ته ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێیبووترێت مۆدێرنیته. هه‌روه‌ها له‌م ماوه‌یه‌دا، خۆرئاوا له بنه‌ڕه‌تدا مه‌سیحی بوو یاخود ده‌كرێت بڵێین ئه‌مڕۆ تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاش- مه‌سیحییه post -christian. له ڕاستیدا مه‌سیحیه‌ت وه‌كو كاریگه‌رییه‌كی كلتوری ده‌بینرێت له زه‌ینی زۆربه‌ی ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی كه هه‌ڵگری ئه‌م بیرۆكه لیبراڵییانه‌ی مۆدێرنیته‌ن به‌تایبه‌تی كاتێك به‌راوردی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئایینه‌كانی دیكه‌دا. له دیدێكی مێژووییه‌وه ئه‌مه ڕاست نییه. ئه‌وه‌ی ڕوویدا ئه‌وه بوو مۆدێرنیته‌ی سێكولار دیدی جیهانی مه‌سیحی گۆڕی لانی كه‌م له خۆرئاوا وه‌ك له‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت christianity له سه‌رچاوه ئایینیه تایبه‌تمه‌نده‌كانی خۆی دابڕیبێت و ئه‌م به‌ها لیبراڵییه نوێیانه‌ی خسته كلتوری خۆرئاواییه‌وه. له ماوه‌ی به‌شێكی زۆرتری مێژووی خۆیدا، مه‌سیحیه‌ت نه دیموكراسی بووه، نه لیبراڵی و نه زانستخواز و نه بیر مێژوویی بووه. به‌هه‌ر حاڵ، ئاشكرایه ئه‌م پرنسیپه ناوه‌ندیانه له‌دایكبوی كلتوری پاش – رۆشنگه‌ری خۆرئاوای هاوچه‌رخن. هه‌ركه‌سێك بیانخوێنێته‌وه، زۆر به باشی سه‌رچاوه‌كه‌یان ده‌ناسێته‌وه و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بایه‌ت و پێشگریمانه‌كانی مۆدێرنیته‌ن.
هه‌نووكه زۆرینه‌مان یاخود ده‌شێت بڵێین هه‌موومان به‌رهه‌می كلتوری خۆرئاوای نوێین، زۆر به‌لای ئه‌م پرنسیپه ناوه‌ندییانه‌دا دایده‌شكێنین واته لامان په‌سه‌ندن، ده‌شێت به ووردیش ده‌ستكاری بكرێن و چاكسازیان تێدا بكرێت. ئێمه‌ش حه‌زده‌كه‌ین ئه‌م پرنسیپانه یاخود هاوشێوه‌یان ببنه ئه‌خلاقیه‌تێكی جیهانی ڕاسته‌قینه. له‌به‌رئه‌مه‌شه گرنگه تێبینی جیاوازی و ناكۆكی نێوان كلتوری رۆشنگه‌ری Enlightenment و پێش – ڕۆشنگه‌ری بكه‌ین، وه‌كو بینیمان هه‌ردووكیان له خۆرئاوا په‌یوه‌ستی زهنیه‌تێكی مه‌سیحین به زهنیه‌ته پاش – مه‌سیحییه‌كه‌شه‌وه، ته‌نانه‌ت زهنیه‌تی پاش – مه‌سیحیش په‌یوه‌ستی زهنیه‌ته مه‌سیحییه‌كه‌یه. به‌لاَم ئومێدی ئه‌وه نییه هه‌رچی مه‌سیحیه‌تی مۆدێرنیشه ببێته ئایینی جیهانی و ئیسلام و یاهودیه‌ت و هندویزم و سیخیزم و بودیزم ده‌رپه‌ڕێنێت.. به‌لاَم ده‌شێت ئومێدێك هه‌بێت به‌هاكانی رۆشنگه‌ری جیهانییانه قبوڵبكرێن، مه‌سیحیه‌ت تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌هایانه‌دا خۆی گونجاندووه. ئێستا زۆر به باشی هه‌ندێك له‌م به‌هایانه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانی یه‌كگرتوماندا له كاركردندان و كلتور‌و ئایینه‌كانی دیكه به‌شێوه‌یه‌كی وا ده‌گۆڕن كه مه‌سیحیه‌تیان یاخود زۆرینه‌ی مه‌سیحیه‌تیان گۆڕی، به‌لاَم هێشتا به‌شێكی گه‌وره‌ی فه‌نده‌مێنتالست هه‌یه و ئه‌گه‌ری زۆره له داهاتووشدا هه‌بێت كه به عه‌قڵیه‌تی پێش – رۆشنگه‌رییه‌وه كار ده‌كات.
به‌لاَم ئه‌مه له‌وانه‌یه به‌شێكی دۆخه‌كه بێت، هه‌ندێك له‌م كاریگه‌ری و به‌هایانه(نه‌ك هه‌موویان) كه دیده خۆرئاواییه‌كه‌ی مۆدێرنیته‌یان دروست كردووه، به‌رده‌وام كاریگه‌ری له‌سه‌ر كلتوره‌كانی دیكه دروست ده‌كه‌ن، به‌لاَم هه‌ندێك كاریگه‌ری و به‌ها هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م كلتورانه هێشتا كاریان نه‌كردۆته سه‌ر خۆرئاوا به‌لاَم له داهاتوودا ده‌یكه‌ن. چینی و ئه‌فریقی و هیندی و شێوازی دیكه‌ی هه‌ستكردن و بیركردنه‌وه هه‌یه ده‌شێت خۆرئاوا پێویستی به خۆگونجاندن و تێكه‌ڵ بوون هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا. بۆ نموونه چه‌مكی ئه‌فریقی "یوبونتۆ ubuntu) هه‌یه له كۆمه‌ڵه زمانه‌كانی نگونی Nguni یاخود چه‌مكی بۆتۆ Botho هه‌یه له زمانه‌كانی سۆتۆ. هه‌روه‌كو دیسمۆند توتو Desmond tutu ئه‌م چه‌مكه ڕوون ده‌كاته‌وه "مرۆڤ بوونی من له تۆدا به‌رجه‌سته‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی لێده‌رباز نه‌بوو په‌یوه‌ستی تۆیه"، ئێمه تاڵێكین له گوزه‌ری ژیان. ده‌ڵێین: مرۆڤ له ڕێگه‌ی مرۆڤه‌كانی دیكه‌وه مرۆڤه (یاخود كه‌سێك له ڕێگه‌ی كه‌سه‌كانی دیكه‌وه كه‌سه). مرۆڤێك له پله‌ی یۆبۆنتۆدا مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه‌ی خود – دڵنیایه، ئه‌م خود – دڵنیاییه‌ش له‌وه‌وه دێت كه ئه‌و مرۆڤه سه‌ر به گشتێكی گه‌وره‌تره‌و هه‌ركاتێك مرۆڤه‌كانی دیكه سوكایه‌تیان پێكراو له شكۆمه‌ندییان كه‌مكرایه‌وه، ئه‌وا له‌م مرۆڤه‌یان كه‌مكردۆته‌وه، هه‌ر كاتێكیش مرۆڤه‌كانی دیكه ئه‌شكه‌نجه‌دران و سه‌ركوتكران و كه‌متر له خۆیان مامه‌ڵه‌یان له ته‌كدا كرا، ئه‌وا ئه‌م مرۆڤه سوكایه‌تی پێكراوه‌و ئه‌شكه‌نجه دراوه‌و لێی كه‌مكراوه‌ته‌وه. (هیچ داهاتوویه‌ك نییه به‌بێ لێبوردن). ئه‌م دیده له‌سه‌ر ئه‌رك و ده‌ربه‌سته‌كان (ئیلتیزامه‌كان) بناغه‌دانانێت، ته‌نها په‌یوه‌ستی په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كان نییه به‌ڵكو گرنگی سیاسی گه‌وره‌ی هه‌یه چونكه ئه‌م دیده له پشت سیاسه‌تی ئاشتبوونه‌وه‌ی نێڵسن ماندێلاوه بوو وه‌ك له سیاسه‌تی تۆڵه كردنه‌وه و پاشانیش له لیژنه‌ی ڕاستی و ئاشتبوونه‌وه‌دا به‌رجه‌سته بوو كاتێك سیاسه‌تی جیاوازی ڕه‌گه‌زی كۆتاییهات. ئه‌م دیدی یۆبۆنتۆیه له‌وانه‌یه توخمێكی دیكه‌ی جیاواز بهێنێته ناو بیرۆكه‌ی ئه‌خلاقێكی جیهانییه‌وه، ئه‌ویش مرۆڤه. دیسانه‌وه هه‌مان دید له پشت پرنسیپی ناتوند و تیژی مهاتما غاندییه‌وه بوو، ئه‌و عه‌قیده سووننه‌تییه هندوسییه‌ی قبوڵ بوو كه ئاتمان Atman یاخود ڕوح Soul له هه‌ر یه‌كێك له ئێمه‌دا دواجار یه‌كه. كاتێك ئازاری كه‌سێك ده‌ده‌یت ئازاری به‌شێك له خۆت ده‌ده‌یت. ده‌ڵێت: "ڕاستگۆ بن به‌رامبه‌ر ئاوه‌ها ئاینێك"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌بێت خۆت بكه‌یت به قوربانی له پێناو خزمه‌تی به‌رده‌وامی هه‌موو ژیان"، دیسانه‌وه ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی سیاسی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو چونكه ئه‌م دیده له پشت دواین هه‌ڵمه‌ته سه‌ركه‌وتووه ناتوند و تیژییه‌كه‌وه بوو له پێناو سه‌ربه‌خۆیی هندستاندا.
ده‌شێت دیدی جیاوازی چینی (chinese) و شێوازی دیكه‌ی بیركردنه‌وه هه‌بێت كۆمه‌كی دروست بوونی ئه‌خلاقێكی جیهانی ڕاسته‌قینه بكات. شێوازه جیاوازه‌كانی مرۆڤ بوون كه شارستانیه‌ت و كلتوره مه‌زنه‌كانی سه‌ر زه‌وی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه ده‌شێت له هه‌ندێك ڕووه‌وه له چوارچێوه‌ی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی جیهانی فۆرمی جیاواز وه‌ربگرێت و لێره‌شه‌وه كار بكاته سه‌ر هه‌ر سیسته‌مێكی ئه‌خلاقی داهاتووی جیهانی.
كه‌واته ده‌ره‌نجامی قسه‌كانم ئه‌مه‌یه: ئه‌خلاقێكی جیهانی بێ په‌رده و به ئاشكرا ده‌مێنێته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌رقه‌رار بێت پێویستی به ڕاپرسییه‌كی جیهانی هه‌یه كه دیدگا خۆرئاواییه‌كه‌ی ئێستا تێپه‌ڕێنێت..
سه‌رچاوه
www.johnhick.org.uk