وه‌رگێڕه لاوازه‌كان په‌نا بۆ وه‌رگێڕانی وشه به‌وشه ده‌به‌ن.
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ باری وه‌رگێڕانی كوردی
هێشتا- ن.نه‌به‌ز هه‌ورامی
قسه كردن له سه‌ر وه‌رگێڕان ، قسه‌كردنه له باره‌ی روویه‌كی كایه‌ی رۆشنبیریه‌وه ، به وه‌رگێران و (ئاڵوگۆڕ) رۆشنبیری گه‌لان رووی له ده‌وڵه‌مه‌ندی وكرانه‌وه‌ی زێتركردوو ه ، وه‌رگێڕان ده‌توانێ ئیزافه‌ی گه‌وره بۆ سه‌ر رۆشنبیری گه‌لان بكات .
مرۆڤ له زۆر كۆنه‌وه ده‌ركی به بایه‌خی وه‌رگێران كردووه ، هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایانه‌وه كه مرۆڤ به‌رخوردی له‌گه‌ڵ په‌یامه ئایینیه‌كان هه‌بووه ، گه‌یاندن و بلاَوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كان پێویستیان به وه‌رگێڕان و رونكردوه كردووه ، به تایبه‌ت له رۆژگاری ده‌ركه‌وتنی (ته‌ورات و ئینجیل)دا ، ئه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌تا وه‌رگێران له‌و قۆناغه‌دا به (گوتن) بووه پاشان به نووسین ، له سه‌رده‌می رینسانسدا وه‌رگێران رۆڵ و بایه‌خیكی ده‌ركه‌وتووتری هه‌بووه ، له رۆژهه‌لاَتیش له سه‌رده‌می ده‌سه‌لاَتی ده‌وڵه‌تی عه‌باسییدا جوڵه‌یه‌كی سه‌یرو گه‌وره‌ی به خۆوه‌دیوه ، ئه‌گه‌ر وه‌رگێران نه‌با ده‌وڵه‌تی عه‌باسیی خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو كتیبه نه‌ده‌بوو كه له هێرشی هۆلاكدا بۆ سه‌ر به‌غدا ره‌نگی روبار بگۆڕێ ،
له كوردستانی ئێمه‌شدا ـ ئه‌ڵبه‌ت كوردستانیكی دابه‌شكراوی بنده‌ستی داگیركه‌ران ـ بزافی وه‌رگێران میژوویه‌كی هه‌یه و له چه‌ند قۆناغێكدا هه‌نگاوی باشی بۆ نراوه .
له باشووری كوردستان له قۆناغیكدا شاعیره‌كانمان به پێویستیان زانیوه شیعری گه‌لای دی وه‌ربگیرن ، دیوانه‌كانی گۆران و بیكه‌س و قانیع و هه‌ردی چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كیان بۆ وه‌رگێران بووه ، پێره‌میرد بابه‌تی دیكه‌شی وه‌گێراوه وه‌ك رۆمانی (كه‌مانچه‌ژه‌ن) ، له قۆناغیكی پاشتردا گۆڤاری (گه‌لاوێژ ) بایه‌خی به‌رچاو به وه‌رگێران ده‌دات .
له كۆتایی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و دواتریشدا چه‌ند ناوێك به توانایه‌كی گه‌وره‌وه شاكاری گه‌وره وه‌ده‌گێرن ، وه‌ك هه‌ژارو هیمن و شكور موسته‌فا و عه‌بدوللاَی حه‌سه‌نزاده‌و عه‌زیز گه‌ردی و عه‌بدولكه‌یم شیخانی و.., مامۆستا فاروق ره‌سوڵ یه‌حیا و دواتر شیرزاد حه‌سه‌ن و حه‌مه‌كه‌یم عارف و محمد موكری و ...له‌م دواییانه‌شدا ئازاد به‌رزنجیی و دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی و چه‌ند وه‌رگێرێكی رۆژهه‌لاتی كوردستان ، كۆششی ئه‌م ناوانه له بواری وه‌رگیراندا كۆششیكی گه‌وره بوو ، شكور موسته‌فا و حه‌سه‌نزاده به وه‌رگیرانی شاكاره گه‌وره‌كانی یه‌شار كه‌مال ، هه‌ژار موكریانی به وه‌رگیرانی شه‌ره‌فنامه و قورئانی پیرۆز . سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ناوانه له وه‌رگێراندا به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ئاستی زمانزانیی و زمانناسیی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه . چونكه وه‌رگێران به‌ر له هه‌رچی مامه‌ڵه كردنه له‌گه‌ڵ زماندا ، ئه‌گه‌ر پێناسه ساده‌كه‌ی وه‌رگێران بریتی بێت "له وه‌رگێرانی بابه‌تێ له زمانێكه‌وه ـ له زمانی ئه‌سڵه‌وه ـ بۆ زمانێكی دی " سه‌یر ده‌كه‌ین له پیناسه‌كه‌دا دووجار وشه‌ی زمان هاتووه ، سه‌ره‌تا وه‌رگێر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زمانی ئه‌سڵیی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌كات بۆ خویندنه‌وه‌و تیگه‌شتنی و جه‌مكردنی مانا و مه‌به‌ست ، پاشان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مانا‌و مه‌به‌سته به ئه‌مانه‌ته‌وه بۆ زمانی خۆی ، كه‌واته به شاره‌زاییه‌كی باش له هه‌ردوو زمانه‌كه و بوونی سه‌لیقه‌یه‌كی وردی زمانه‌وانی كاره‌كه ته‌واو ده‌بێ ، هێندێ كه‌س وا ده‌زانن كوردیه‌كه‌ی خۆیان به باشیی ده‌زانن و ئیدی ئه‌گه‌ر شتێكیش له زمانیكی عه‌ره‌بی یان فارسیی بزانن ده‌توانن كاری وه‌رگێران بكه‌ن ، له راستیدا قسه‌كردن به زمانی خۆت مانای زانین و ناسینی ئه‌و زمانه نیه ، با زمانی خۆیشت بیت ، هه‌ژار ئه‌گه‌ر كوردیناس وكوردیزانێكی زۆر باش نه‌بوایه ـ به هه‌موو له‌هجه‌كانیه‌وه ـ نه‌یده‌توانی به‌و شێوه جوانه زمانێكی وه‌ك زمانی قورئان وه‌ربگێڕێ ، شكور مسته‌فا هه‌روه‌ها له وه‌رگێرانه‌كانیدا.
سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ زانین و ناسینی زمانی خۆیان و پاشان زمانی دی ده‌گه‌رێته‌وه.
له‌وه‌ده‌چێ له زمانی كوردیدا چه‌ند وشه‌یه‌ك هه‌بن به‌رابه‌ر وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی یان فارسیی ، ده‌بێ وه‌رگێر بزانێ كام له‌و وشانه داده‌نێ و مه‌به‌ستی نووسه‌ر ده‌گوێزێته‌وه ، كه‌واته نه‌ك هه‌ر زمانزانین به‌ڵكو وه‌رگێران پێوستی به زمانناسییشه ، من پێم سه‌یره كه‌سێ ده‌ستبداته وه‌رگێران به‌لاَم وه‌ك نووسه‌رێ له زمانه‌كه‌ی خۆیدا نه‌ناسرابێ ، یان نه‌یتوانیبێ به زمانی خۆی نووسه‌رێكی باش بێت ، ئه‌و وه‌رگێرانه‌ی له پیشه‌وه ناوم بردن ، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕیدا نووسه‌رو كوردینووس و زمان‌ناسی باش بوون .
له زۆر كاری وه‌رگێراندا به‌هۆی نه‌زانینی زمانه‌وه ، زمانی خودی وه‌رگێریش ، مانای بابه‌تی وه‌رگێردراو شێواوه و تێگه‌یشتنی ئاسان نیه ، له‌مجۆره وه‌رگێرانه له‌م ده‌ساڵه‌ی دواییدا له كوردستان بووه به دیارده ، به ئاشكرا دیاره ئه‌و كارانه مه‌به‌ستێكی ساده جوڵَێنه‌ریانه ، هێندێ له‌و كارانه جۆرێكن له بازرگانیی ، یان بۆ مه‌به‌ستی خۆ ده‌رخستن و ناو ده‌ركردن و خۆ به نووسه‌ر زانینن، وه‌ك بڵێی وه‌رگێران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاسانترین رێگه بێت ، به تایبه‌ت له‌وبوارانه‌دا كه بازاڕیان گه‌رمه وه‌ك بواری ئایینی و گه‌شه‌ی مرۆیی و سیكس ، له‌و بوارانه‌دا به ژماره كتیبگه‌لێكی زۆر وه‌رگێردراون ، به‌لاَم نه خزمه‌تێكن به زمان و نه وه‌ك پێویستیش ـ به ئه‌ندازه‌ی كات كوشتنه‌كه ـ ئیزافه‌یه‌كیان هه‌یه بۆ كایه‌ی رۆشبیری ، ئه‌سڵه‌ن وه‌رگێڕه‌كه هه‌رنازانێ وه‌رگێران مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ زماندا ، ئه‌و ته‌نیا ده‌زانێ ناوه‌رۆك و مه‌به‌ستێك ره‌واجی هه‌یه، یان لای ئه‌و بایه‌خی هه‌یه، له كاتیكدا ئه‌گه‌ر له پردی زمانه‌وه نه‌بێت مه‌به‌ست ناگاته ئه‌مبه‌ر ، گه‌وره‌ترین ناونیشان له كتێبدا به زمانی ئه‌سڵ ، نابێته گه‌وره‌ترین كاری وه‌رگێران ئه‌گه‌ر زمانی دووه‌م نه‌توانێ له خۆیدا جێگه‌ی ماناكه‌ی بكاته‌وه .
نامه‌وێ قسه له‌سه‌ر جۆره‌كانی وه‌رگێران بكه‌م ، به‌لاَم ده‌مه‌وێ بڵێم جۆریك له وه‌رگێران كه وه‌رگێرانی وشه به‌وشه‌یه وه‌رگێره لاوازه‌كان هه‌میشه په‌نای بۆ ده‌به‌ن ، له كاتێكدا ئه‌مجۆره وه‌رگێرانه له هه‌لومه‌رجیكی تایه‌به‌تدا به پێویست زانراوه ، له‌كۆنه‌وه‌و له‌و سه‌ره‌تایه‌وه كه پێویستی كردووه ده‌قی په‌یامه ئایینیه‌كان به تایبه‌ت ته‌ورات و ئینجیل وه‌ربگێردرێن له به‌رئاسمانیی بوون وقودسیه‌تی ئایینی ده‌قه‌كان و گوایا باش گه‌یاندنی ما‌نایان ، وه‌رگێرانی وشه به وشه داهێنراوه یان گیراوه‌ته به‌ر ، پاشان بووه به نه‌ریت و تا ئیسته‌ش هه‌ر پێڕه‌و ده‌كرێ كه دیاره بۆ گه‌یاندنی مانای په‌یامێكی ئایینیش ئه‌و رێگه‌یه به ته‌واوی مه‌به‌ست به ده‌سته‌وه نادات .
ئه‌مه به‌گشتی له باره‌ی ورگێرانه‌وه قسه‌مان كرد، ده‌نا هه‌ر كایه و بوارێ بۆ خۆی له وه‌رگێراندا به‌تایبه‌ت بواری ئایین و ئه‌ده‌ب ، زمان وستایلی تایبه‌تی خۆی هه‌یه ، له وه‌رگێرانی بابه‌تی ئایینی‌دا ده‌بێ وه‌رگێر له‌وه ئاگادار بێت زمانه‌كه‌ی خۆی چ كه‌ره‌سته‌و سه‌رمایه‌یه‌كی هه‌یه ، بۆ نموونه كورد به‌بێ وه‌رگرتن هه‌ر له كۆنه‌وه به‌ر له ئیسلامیش وشه‌ی نوێژ‌و رۆژووی هه‌بووه و له به‌رابه‌ر (صلاه و صوم)ی عه‌ره‌بیدا دایناون ، به‌لاَم هیندێ وشه‌و زاراوه‌ی دیكه هه‌ن ئاسان نیه له خۆوه وشه‌ی كوردی له به‌رانبه‌ریان دابنێین ، بۆ نموونه (جهاد) گونجاو نیه هه‌چكات ئه‌م وشه‌یه‌مان بینی وشه‌ی (تیكۆشان) به‌رابه‌ری دابنێین ، ده‌شێ ئه‌وه یه‌كێ بێ له ماناكانی ، به‌لاَم هه‌موو كات ئه‌و زاراوایه ئه‌وه ماناكه‌ی نیه ، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه كردن له گه‌ڵ وشه‌ی زمانانی دیكه‌و به‌كارهێنانه‌وه‌یان وه‌ك خۆیان له كوردیدا، رێسا و رێوشوێنی خۆی هه‌یه .
له ئه‌ده‌بدا ، كه ئه‌ده‌ب هه‌ر خۆی مامه‌ڵه كردنه له‌گه‌ڵ زماندا ، زمانیكی زۆر جیاوازه له زمانی فه‌رهه‌نگ ، ئاسان نیه وه‌رگێر له كاتی وه‌رگێراندا فه‌رهه‌نگێكی زمان بێنێ و وشه به وشه وه‌ریانگێرێ .
ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ئه‌ده‌بی یه‌ك زمانه ، به‌لاَم زمانی شیعری فه‌ره‌زده‌ق و حه‌سسان و مه‌عه‌ڕی و ئه‌بو نه‌واس و سه‌ییاب و ئه‌دۆنیس و ماغووت زۆر لێكجودان ، زمانی هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵقولاَوی جۆریك له روئیا و جیهانبینیی و كولتووره كه بۆ خۆی زمان و زاراوه‌و فه‌رهه‌نگی خۆی هه‌یه ، یان كه‌سێ كه‌توانی وتارێكی كۆمه‌لاَیه‌تی رۆژنامه‌ی (اگلاعات یان خانواده) ی فارسیی وه‌ربگێرێت مانای ئه‌وه نیه ده‌توانێ مه‌ولانای رۆمی و شیرازی و سپهریش وه‌ربگێرێ !
به كورتی له‌م دواییانه‌دا له بواری وه‌رگێراندا وه‌ك زۆر بواری دیكه‌ی رۆشنبیری زۆری و بۆریه‌ك لای ئێمه به‌رچاو ده‌كه‌وێ ، به‌شێكی پێوه‌سته به ئاستی رۆشنبیری و زمانزانیی و زمانناسیی و ..،ئامانجی وه‌رگێره‌وه ، به‌شێكی پێوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی زمانی ستاندارد و ..، پاشان كه‌مخزمه‌تی زمانه‌كه‌مان به تایبه‌ت له رووی زاستی و فیكری و فه‌لسه‌فیه‌وه ، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له بواری وه‌رگێراندا خوێندنمان نیه ، ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌میكی زۆر كۆندا وه‌رگێران كار بووبێ ، سه‌رده‌میكیش هه‌بووه وه‌رگێران بووه به زانست و پێویست بووه بناسرێ ، زانایه‌كی وه‌ك (جاحڤ)له مێژه له‌سه‌ر رێوشوێن وبنه‌ماكانی وه‌رگێران قسه‌ی كردووه‌و نووسیویه‌تی ، بێگومان له‌م سه‌رده‌مه‌شدا له ولاَتانی پێشكه‌وتوو (وه‌رگێرانناسیی)یان وه‌رگێران وه‌ك زانست له بواری خوێندن و تایبه‌تكردنی ده‌زگای ئه‌كادیمیدا بۆی بایه‌خی به‌رچاوی پێدراوه .