پرۆژه‌ی ماهاتما گاندی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆ
ئا.بیلال باسام
ماهتما گاندی سه‌ركرده‌ی مه‌زنی شۆڕشی ناتوندو تیژی و باوكی ڕۆحی هیند و فه‌یله‌سوفی مه‌زنی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له ڕێگه‌ی ئه‌و مامه‌ڵه قوڵه‌ی بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه كردوویه‌تی و هه‌میشه هه‌وڵیداوه ئه‌و په‌یامه به مرۆڤایه‌تی بگه‌یه‌نێت، كه ده‌بێت ئێمه له ناخمانه‌وه چاك بین بۆئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش چاك بكه‌ین، ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی له بواری پراكتیكیدا خوازیاری ئه‌وه‌بێت مرۆڤه‌كان به شێوه‌ی ناتوندو تیژ، له‌گه‌ڵ یه‌كدا ره‌فتار بكه‌ن داوای ئه‌وه ده‌كات مرۆڤه‌كان له ناخی خۆیاندا یه‌كتریان خۆش بوێت.
خوازیاری ئه‌وه‌یه مرۆڤه‌كان به ته‌نیشت یه‌كدیه‌وه خۆشه‌ویستی بگۆڕنه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و هزره لای كه‌سێكی وه‌ك (شیوانا) تا ئاستی پێكه‌وه ژیانی نێوان مرۆڤ و گیانله‌به‌ره دڕنده‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه. گاندی، له‌و بڕوایه‌دایه، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له ناخی خۆیاندا یه‌كتریان خۆش نه‌وێت، ئه‌وا ناتوانن به رواڵه‌ت و به په‌یڕه‌وكردنی ئه‌ته‌كیه‌ت و فورمه‌گه‌رایی تا سه‌ر پێكه‌وه بژین.
گاندی، پێیوایه شمه‌كه‌كان و هه‌بووه‌كان بۆ خۆشبه‌ختی مرۆڤه‌كان هاتونه‌ته بوون، ئه‌گه‌ر لای كه‌سێك ئه‌و شمه‌كانه ونبوون، یا له‌ده‌ستچوون مانای ونكردنی وه‌زیفه‌ی ئه‌و شمه‌كانه نییه، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و شمه‌كانه له شوێنێكی دی ده‌توانن وه‌زیفه‌ی خۆیان ئه‌دا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له ڕووداوی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی تاكێك له(نه‌عله‌كانی) له‌ناو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی سه‌فه‌ری پێده‌كرد به روونی ره‌نگی داوه‌ته‌وه، كاتێك تاكێك له نه‌عله‌كانی ده‌كه‌وێته خواره‌وه ڕاسته‌وخۆ ئه‌و تاكه‌كه‌ی تریشی فڕێ‌دا بۆلای، ده‌ڵێت"ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌ركه‌سێك دۆزیه‌وه بتوانێت سودیان لێوه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر نا تاكێك لای من و ئه‌وی دیش لای كه‌سێكی تر مانای ونكردنی وه‌زیفه‌ی (جووتێك نه‌عله) ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستی مرۆڤ و شمه‌كه‌كانه".
گاندی، هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه پێویسته ئێمه دژی هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه بین كه مرۆڤ له مرۆڤ بوون ده‌خه‌ن، بۆیه زۆرجار ئه‌و هۆكارانه (هه‌بووه‌كانی) مرۆڤن، ده‌سه‌ڵات و زانست و سه‌رمایه هه‌ندێكجار مرۆڤه‌كان له مرۆڤ بوون ده‌خه‌ن، له‌به‌رئه‌وه ده‌ڵێت"حه‌وت دراو‌و هه‌ن بێ حه‌وت دراوی دیكه، یان حه‌وت (هه‌بووی) دیكه مرۆڤ ده‌كه‌ن كاره‌كته‌رێكی مه‌ترسیدار. ئه‌وانیش هه‌بوونی سامان به بێ ماندوبوون و زه‌حمه‌ت له‌گه‌ڵ كێشان، مه‌عریفه‌ت به بێ هه‌بوونی كه‌سایه‌تی، زانست بێ مرۆڤ دۆستی، سیاسه‌ت به‌بێ شه‌رافه‌ت، چێژ به بێ ویژدان، بارزگارنی به‌بێ ره‌وشت، په‌رستش به‌بێ ئیسار".
پێده‌چێت هه‌موومان له‌وه‌دا كۆك بین، كه له‌م نیشتمانه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌مووی، ئه‌وا به‌شێكی زۆر له‌و دراو و هه‌بووانه‌مان هه‌یه به‌بێ به‌رامبه‌ره‌كانیان، له كاتێكدا به‌پێی لێكدانه‌وه‌كانی گاندی، ئه‌مه زۆر مه‌ترسیداره.
سامانی بێ‌ماندوو بوون لای ئێمه شتێكی نامۆ نییه، ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا زۆر ڕوونه بریتییه له چۆنییه‌تی وه‌ده‌ستخستنی ئه‌و پاره‌و سامانه،به‌لاَم ئه‌مه لایه‌نێكییه‌تی، لایه‌نی دووه‌می ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سانه نازانن له كوێدا ئه‌و سامانه وه‌گه‌ڕبخه‌ن، نازانن پێویست ده‌كات ئه‌و سامان خزمه‌تی چی بكات و چۆن بخرێته خزمه‌تی مرۆڤ دۆستییه‌وه. لێره‌شه‌وه كێشه‌ی ئه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه نازنن چۆن ئه‌و سامانه خزمه‌ت به عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، ئه‌ویش به‌وه‌ی بخرێته خزمه‌ت چینه مه‌حرومه‌كانه‌وه نه‌ك به پێبه‌خشین، به‌ڵكو وه‌ك به‌رهه‌م هێنان، چونكه ئه‌و به‌رهه‌م هێنانه‌ی ده‌توانێت خزمه‌ت به چینه مه‌حرومه‌كان بكات، دواجاریش ئه‌و سامانه له ده‌س ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و له ده‌س دانه ده‌بێته قه‌یران بۆ كه‌سانی دیش .
مه‌عریفه‌تی بێ كه‌سێیه‌ت، ئه‌ڵبه‌ته كه‌سێك نییه خاوه‌نی كه‌سیه‌تی نه‌بێت، جا باش یا خراپ! به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ستمانه نه‌بوونی كه‌سیه‌تی شیاوه به‌و مه‌عریفه‌ته‌ی كه هه‌یه، بێگومان هه‌موومان هه‌ڵسوكه‌وت و به‌رخوردمان له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كردوه كه ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیان یه‌كانگیر نه‌بووه له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌تیاندا، مرۆڤه‌كان پێنج كه‌سایه‌تیان هه‌یه ئیدی ئه‌و مرۆڤانه هه‌ركه‌سێك ببن. ئه‌وانه‌ش كه‌سیه‌تی مرۆڤن (له چاوی خوداوه، واته ئه‌وه حه‌قیقه‌تی كه‌سیه‌تی ئه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی، كه خوا ده‌یزانێت و ده‌یناسێت. دووه‌م كه‌سیه‌تی مرۆڤ له چاوی خۆیه‌وه، واته كه‌سیه‌تی (س) له چاوی (س)ه‌وه، سێیه‌م كه‌سیه‌تی مرۆڤ له چاوی مرۆڤه‌كانی تره‌وه، واته كه‌سیه‌تی (س ) له چاوی (ص)ه‌وه. چواره‌م تێڕوانینی مرۆڤه‌كانی تر بۆ تێڕوانین ئه‌و مرۆڤه بۆ خۆی، واته (ص)ه‌كان پێیان وایه (س) چۆن له خۆی ده‌ڕوانێت. پێنجه‌میش (س) پێی وایه (ص)ه‌كان چۆن لێی ده‌ڕوانن). ئالێره‌وه مرۆڤ كاتێك خاوه‌نی كه‌سیه‌تی له‌باره كه هه‌وڵبدات كه‌سیه‌تی یه‌كه‌می بێت و كه‌سیه‌تی دوه‌م و سێیه‌میشی له كه‌سیه‌تی یه‌كه‌می نزیك بكاته‌وه، له هه‌مانكاتدا هه‌وڵ بدات كه‌سیه‌تی یه‌كه‌می كه‌سیه‌تیه‌كی شیاو و له‌بار بێت به‌و مه‌عریفه‌ته‌ی كه هه‌یه‌تی، چونكه نه‌بوونی كه‌سیه‌تی شیاو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی مه‌عریفه‌تن، ته‌نها له‌و روه‌وه قه‌یران ئامێز نابن كه مرۆڤێك كه‌سیه‌تی له‌بار نییه، به‌ڵكو له‌رویه‌كی تریشه‌وه خه‌ڵكان بێمتمانه ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به مه‌عریفه‌ت و له هه‌مانكاتدا بۆ كه‌سانی دیكه‌ش ده‌بنه سه‌رمه‌شق، چونكه به‌شێك له مرۆڤه‌كان ئه‌خلاقیات له روانگه‌ی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن نه‌ك كه‌سه‌كان له روانگه‌ی ئه‌خلاقیات و كه‌سیه‌تیانه‌وه.
زانست به بێ مرۆڤ دۆستی، له ڕاستیدا ئه‌مه یه‌كێكه له قه‌یرانه دیاره‌كانی جیهان، كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تێی كه‌وتووه، كه ده‌بینین هه‌تابێت ئاستی زانستی و كه‌شفی نه‌زانراوه‌كان ده‌كرێت، به‌لاَم له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ دۆستی پێ‌به پێی زانست هه‌نگاو نانێت ده‌بینین مرۆڤ كه ده‌كرێته كالاَیه‌ك و كه‌شفی زانستی پێده‌كه‌ن!
گاندی پێی وایه، پزیشكه‌كان ده‌توانن هاوكاری نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن له‌وه‌دا زاڵ ببن به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كانیاندا، به‌ڵام ده‌شتوانن نه‌خۆشه‌كانیان ئیستغلال بكه‌ن و لاوازیه‌كانیان بكه‌نه بازرگانی بۆ خۆیان و ده‌توانن بازرگانی به جه‌سته‌یانه‌وه بكه‌ن. ده‌توانن له‌كاتی بێهۆش بوون یان له‌و كاتانه‌دا نه‌خۆشه‌كانیان مه‌حره‌مانه جه‌سته‌ی خۆیان ده‌خه‌نه به‌رده‌ستیان مامه‌ڵه‌ی نا ئه‌خلاقیانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. پزیشكه‌كان ده‌توانن هاوكاری نه‌خۆشه‌كانیانبن له زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌خۆشیه نهێنییه‌كانیاندا، له هه‌مانكاتدا ده‌توانن نهێنییه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن و بیانفرۆشن، ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو رێچكه‌ی ماڵه‌مه‌كردنه‌ی مرۆڤه‌كان جیا ده‌كاته‌وه مرۆڤ دۆستیه، بینا له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ش زانستی بی مرۆڤ دۆستی چ كاره‌ساتێك دروست ده‌كات.
هه‌موومان كاره‌ساتی (هێرۆشیما و ناكازاكی)مان بیستوه، یا باسی (ئالفرێد نۆبڵ) كاتێك كه‌زانی داهێنراوه‌كه‌ی (تی. ئێن. تی) له خزمه‌ت رێگا‌و بان و مرۆڤایه‌تیدا به‌كار نایه‌ت، به‌ڵكو خراوه‌ته خزمه‌ت كوشتار و مرۆڤ كوژیه‌وه داوای لێبوردنی له خودا كرد و هه‌موو سامانه‌كه‌ی خسته خزمه‌ت خه‌ڵاتی نۆبڵه‌وه.
سیاسه‌ت به بێ جوامێری: سیاسه‌ت كاتێك ده‌بێته هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن و دواجاریش هه‌موو بڕیاره‌كان پێویستی به قبوڵی سیاسیه‌كان هه‌یه، هه‌ركاتێك مرۆڤێك به‌سانایی بتوانێت هه‌ق بكات به‌ناهه‌ق و كرده به‌نه‌كرده و ناكرده به‌كرده پیشان بدات، ئه‌وده‌مه‌ی مرۆڤێك شه‌و به‌رۆژ بنوێنێت و پاساری به‌نرخی كه‌ناری بفرۆشێت، خودا له‌بیربكات و یاساكانی سروشت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و به سه‌لیقه‌ی خۆی پێناسه بكات، ئه‌وكاته سیاسه‌ت مه‌دارێكه كه شه‌رافه‌ت و جوامێری نییه.
چێژ به بێ ویژدان: ده‌زگای چێژی مرۆڤه‌كان ئالۆزترین ده‌زگای مرۆڤه. ده‌زگایه‌كی فره ره‌هه‌نده و فره لایه‌نه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پێویستی به‌وه هه‌بێت له هه‌موو شتێكی دی زیاتر كۆنتڕۆڵ بكرێت, ئه‌گه‌ر به‌شێك له وه‌زیفه‌كانی جه‌سته ته‌نها بۆ راپه‌ڕاندنی وه‌زیفه بێت، ئه‌وا به‌شێكی دیشیان به ته‌نیشت ئه‌دای وه‌زیفه‌وه چێژیان بۆ خاوه‌نه‌كه‌یان هه‌یه. بۆ نمونه سێكس و خواردن, ئه‌گه‌ر سێكیس له رووی وه‌زیفه ناسیه‌وه زه‌روره‌تی به‌رده‌وام بوونی ژیان له ئه‌ستۆ بگرێت و به بێ سێكس به‌رده‌وامی ژیان و خستنه‌وه‌ی وه‌چه مومكن نه‌بێت، ئه‌وا له هه‌مانكاتدا موماره‌سه‌كردنیشی چێژی ده‌به‌خشێته خاوه‌نه‌كه‌ی, ئه‌گه‌ر خواردن له رووی وه‌زیفه ناسیه‌وه وزه‌ی ژیان بداته مرۆڤ ئه‌وا خواردن چێژ ده‌به‌خشێته مرۆڤ له كاتێكدا ئه‌م كاره به‌و شێوه‌یه بۆ چاو راست نییه، به‌و واتایه‌ی چاو بینین زیاتر له رووی وه‌زیفیه ناسیه‌وه ده‌توانین پێناسه‌ی بكه‌ین به پێچه‌وانه‌ی سێكسه‌وه، هێنده‌ی له روانگه‌ی چێژناسییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له روانگه‌ی وه‌زیفه ناسییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر چێژ به بێ ویژدان ته‌ماشا بكرێت ئه‌وا ئه‌ركی وه‌زیفی جه‌سته فه‌رامۆش ده‌بێت و زیاده ره‌وی و هه‌وه‌س بازی زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو ژیاندا.
بازرگانی به‌بێ ڕه‌وشت: هێمای سه‌ره‌كی بازرگانی و به‌ده‌ست هێنانی داهات له‌ڕێی ئازاده‌وه، هه‌بوونی ڕه‌وشته، ئه‌ڵبه‌ته كۆمه‌ڵه كاروكاسبیه‌كیش هه‌یه كه ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كڕیاریان هه‌یه و هه‌رئه‌مه‌ش بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه چیتر پێویستیان به ڕوخۆشی و نه‌رمونیانی له ڕه‌فتاردا نه‌بێت. ئه‌م كه‌سانه به شێوه‌یه‌كی خراپ كه‌ڵك له‌و پێگه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن و به مامه‌ڵه‌و به‌رخوردی نه‌شیاو وه‌لاَمی كڕیاره‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه له زه‌ینی كڕیاره‌كاندا ده‌مێنێته‌وه و بۆچونی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به كه‌سێتی و هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌لاَیه‌تی فرۆشیار پاسیڤ ده‌كات، كڕیاره‌كان ڕه‌زامه‌ندی ته‌واویان نییه له حزوری خۆیان له‌و شوێنه‌دا و وه‌ك پێویست چێژی لێوه‌رناگرن، ئه‌وان هیچ كاتێك ئه‌و فرۆشیاره به بازرگانێكی باش و سه‌ركه‌وتوو باس ناكه‌ن.
په‌رستش به‌بێ ئیسار: وه ك ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه به‌ڵێن ده‌ده‌ن و نایبه‌نه سه‌ر، په‌رستش به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی كاری چاكه‌یه به خودا، به‌ڵام كارێكی چاكه كه تێیدا له خۆبوردویی بوونی نه‌بێت، بناغه‌و بنه‌ڕه‌تی نییه، پایه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ر كارێكی شایسته له خۆبوردوییه، مرۆڤ كاتێك خۆشه‌ویستی ده‌كات ،ده‌به‌خشێت، دڵی كه‌سێكی تر خۆش ده‌كات، كۆمه‌ك ده‌كات، گرفتێك چاره‌سه‌ر ده‌كات و له پێناوی خوادا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت كه ڕاستگۆیانه چاوپۆشی له شتێك كردبێت، په‌رستش له خۆبوردویی تیایه، به پێچه‌وانه‌وه نا پاكیه، ڕوپامایی و ڕیاكاریه.